بەدرێژایی مێژوو ھەست و سۆز لەسەر کورد زاڵبووە، ھەمیشە دڵی لای لاوازەکەبووە، بەدوای بەرژەوەندی خۆی وێل بووە، ھەمیشە قوربانی دەستی بەرژەوەندیخۆازەکان بووە، تا بە ئاگا دێت لەدەرەوەی ھاوکێشە خۆی دەبینێتەوە، وڵاتانی تریش وەکو خەڵوز کورد بەکاری دێنن بۆ خۆشکردنی ئاگرەکەیان.
جار قوربانی دەستی برایەتی گەلانە، جار قوربانی دەستی ئایدۆڵۆژیایە، جار قوربانی دەستی ئاینەکانە!
ئیسلام دەڵێت تاوانی کوشتنی مرۆڤێکی بێ تاوان مەزنترە لە ڕوخاندنی کەعبەی پیرۆز! کەچی ئەوانەی خۆیان بەنوێنەرانی ئیسلام دەزانن ھێندە مرۆڤی بێ تاوانیان کوشتوە کە زیاترە لەو بەردانەی کە کەعبە پێی دروستکراوە ! و زیاتر لەوانەی کە سەردانی کەعبە دەکەن!
ئەوروپا خۆی بە خاوەنی مافی مرۆڤ دەزانێت، سەری زمان و بنی زمانیان باسی مافی مرۆڤە، کەچی ھیچ کیشوەرێک ھێندەی وڵاتانی ئەوروپا مرۆڤیان نەکوشتووە! ھێندە مرۆڤیان کوشتووە کە دوو کیشوەری وەکو ئەوروپای پێ دروست دەکرێت!
ئەمریکا بەدایکی دیموکراسیەت ناسراوە،کەچی کەس ھێندەی ئەمریکا جەنگی بەرپانەکردووە، چی بەڕاستەوخۆ، چی بە ناڕاستەوخۆ کەپیلانی جەنگی داڕشت بێت! زۆر جار ئێمەمانان دەڵێین فڵان و فیسار شت بە دەستی ئێمە نەبوو بەڵام بە دڵی ئێمەبوو، ئەمریکاش گەر ڕاستەوخۆش شەڕ نەکات ھەم دەستی تێدا ھەیە، ھەم بەدڵیەتی شەڕەکە!
کوردیش ھەر دڵی لای لاوازەکەیە، ھەست و سۆزی لەسەر زاڵە كەچی کە لێی دەقەومێت فڵان و فیسار زلهێزەکە تاوانباردەکات کەبەتەنھا بەجێی ھێشتوە لەکاتی تەنگانەدا بەھانای نەھاتوە، گەلو چما ھەر خەڵکی تر تاوانبار دەکەی، چما جارێک خۆت تاوانبار ناکەی، کە نە زەمینە بۆ زلھێزەکان دەڕخسێنی، نە ھەست و سۆزت ھەیە بۆ زلھێزەکان!
سیاسەت بەھەست و سۆز ناکرێت، بەڵکو بەھێز و بەرژەوەندی دەکرێت،دەبێت وابی دۆستی ھەمیشەیی ھیچیان نەبی بەڵکو بەرژەوەندیت لەگەڵ ئەوانە ھەبێت کە ھەیی یە، ژمارەیە لەو کاتەی تێدا دەگوزەرێنی!
ھیچ نەتەوەیەک ھێندەی کورد نە وەفای ھەبووە نەئیرادەی ھەبووە بەڵام ھەمیشە قوربانی دەستی خەڵکی بێ ئیرادە بوە! ئیرادە و وەفا ھیچ بەدەستەوەت نادات گەر بەرژەوەندیت نەبێت، نەزانی چۆن سود لە ھاوکێشەکان ئەو دۆخەی تێدا دەگوزەرێنی وەربگری! کاتێک وڵات لەمەترسی یە، نە مرۆڤ بەھای دەمێنێت، نە دیموکراسیەت و لیبرالیزم باوی دەمێنێت، نەیاسا و دەستور سەروەر وناوبژیوان دەبن، تەنھا بەرژەوەندی دەبێتە سەنگی مەحەک و شوێنیان دەگرێتەوە.
جگە لەوەی کورد ھەست و سۆزی لەسەر زاڵە، بێگانە پەرستیشە، گەر سەرۆکی ئۆکرانیا چەند ڕۆژە ڕای نەکردووە، لەپایتەخت ماوە، کاتی خۆی کەجیھان لەجەنگی سێیەمی دابوو، نیوەی جەنگەکە لەسەر شانی پێشمەرگە بوو، سەرۆک بارزانی کۆشکی خۆی لە پایتەخت بەجێ دەھێشت، کۆشکی لەسەنگەری شەڕ دانا، تا جەنگەکە تەواو نەبوو، ئەفسانەی شەڕخوازەکانی جەنگی سێیەم نەشکاند،بارزانی سەنگەری شەڕی چۆڵنەکرد بەڵام چونکە کورد خۆبەکەم زانە ئەوانەی ئێستا مەتح و سەنای سەرۆکی ئۆکرانیا دەکەن ئامادەنەبوون بۆ یەک جار وەسفی سەرکردەیەکی خۆیان بکەن!
ئەو خۆفرۆش و کین لە دڵەکانی لەناو کورد داھەن کەخۆیان لە ژێر پەردەی ئۆپۆزسیۆن حەشارداوە ھێندە کین لە دڵ و بێگانە پەرستن، بەھەشتی دونیا بۆ ھەموو وڵاتانی جیھان دەوێت، دۆزەخی ھەموو دونیاش بۆ سەربەخۆخوازەکانی خۆی دەوێت، بەدەستی ئەوان بێت ئەبو جەھل و ئەمسالەکانی لە دۆزەخ دەردەھێنن، سەربەخۆخوازەکانی خۆیان لە شوێنیان دادەنێن.
وەڵام بدەوه