دوای هەموو جەنگ و پێکدادن و شەڕی دەستەویەخەی وڵاتان، دۆخێکی تایبەت لە دایک دەبێ.
ئەم دۆخە تازە تایبەتە بە بە بەراورد بە دۆخی پێشتر لە خۆی، تەواو جیاوازە و هەڵگری چەندین تایبەتمەندی ترە.
لەدۆخی تازەدا بیرکردنەوەی مرۆڤەکان گۆڕانکاری زۆری بەسەردادێت. زۆرێک لەوانەی توانیویانە دوای شەڕ و ماڵوێرانیەوە زیندوو بمێننەوە، وەک جاران بیرناکەنەوە. خاوەنی کۆمەڵێک بیرو بروای تازەو گۆشەنیگای نوێن، بەرامبەر بە کۆی گشتی کایەی ژیانەوە.
لە زەمەنی دوای شەڕ پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و باری دەروونی مرۆڤەکان بەدەر لە خواست و ویستی تاکەکانەوە، دەگۆڕێن و گۆڕانکاری ریشەییان بەسەردا دێت.
ماهیەتی چەمکی شەڕ، واتا ناکۆکی، دووبەرەکی و مەینەتی و ماڵوێرانی و کوشتن و بڕین و زەبرو زەنگی سیستەماتیکی.
یەکێکی تر لەو دۆخانەی بەرهەمی شەڕە و مرۆڤ توانای پاراستنی خۆی لە کەوتنەژێر کاریگەریەکانی نابێ، دۆخی ترس و نائومێدی و دڵەرواکێ و دڕدۆنگیە.
ترس لە دووبارە بوونەوەی جەنگ و خوێنرشتن و ماڵوێرانی، وەک دێوەزمەیەک بەردەوام روح و جەستە شەکەت و ماندوو دەکات و دەیخاتە ژێر فشاری ئازار بەخشی سیستەماتیکی خۆیەوە.
لە دۆخی دوای شەڕ گرینگترین هەنگاو بە ئاراستەی لە بیر بردنەوەی دەرهاوێشتە مەترسیدارە درێژخایەنەکانی، دروست کردنی کەشێکی ئارام و پڕلە دڵنەوایی و ئاسودەییە. کەشێک، مرۆڤ بشێت تیایدا بە ئاسوودەییەوە بژیت و هەلومەرجێکی گونجاوی وا بێنێتەکایەوە، خاڵی بێت لە هەرجۆرە ئاڵۆزی و کێشەو نائارامی و دڵەراوکێوە.
وەڵام بدەوه