Kurdistan Press - ئیمپراتۆریەتی پوتین سەرەتای مێژوویەکی تازەیە ئیمپراتۆریەتی پوتین سەرەتای مێژوویەکی تازەیە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

ئیمپراتۆریەتی پوتین سەرەتای مێژوویەکی تازەیە

بە پێچەوانەی  وتە بەناوبانگەکەی فۆکۆیاما لە ساڵی 1991دا بەوەی داڕمانی سۆفیەت سەرەتای کۆتایی مێژووە ، مێژوو وادیارە بریاری داوە دووبارە بە فۆرم و چوارچێوەو بکەری ترەوە دەربکەوێ و لە هەناوی خۆیدا رووداوگەلی تازەی بۆ مرۆڤایەتی هەڵگرتووە 

 
پوتین لە چاو ڕۆژئاواییەکان دیکتاتۆرێکە کار بە عەقڵ و لۆژیکەوە ناکات و سەرکێشیەکانی ناوبراو هەمیشە فاکتەری تێکدانی گشت هاوسەنگی و هاوکێشەیەکی سیاسیە 

رۆژئاواییەکان دوای ڕووخانی دیواری بەرڵینەوە سەرکەوتنی بلۆکی سەرمایەداریان بەسەر بلۆکی سۆسیالیستیدا جاڕ دا و مەستانە و وەک سەرخۆشێکی براوەی شەڕ، هیچ حیسابیاین بۆ غرورو هەستی ناسیۆنالیستی و  پێشینەی شکۆی رووسەکانەوە نەکرد 

بە درێژایی ساڵانی دوای داڕمان و هەڵوەشانەوەی سۆفیەتی پێشوو، رۆژئاوا بەردەوام بوو لەهەوڵی زیاتر لاواز کردنی رووسەکان و  شکاندنی شکۆیان لە رێگەی سەپاندنی بەهاو دونیابینیەکانی سەربە فکری کاپیتالیزم و پرەنسیپەکانی دیموکراسی و جیهانبینیانەوە

لەپاڵ ئەمەشدا تا دەهات لە رێگەی وەرگرتنی وڵاتانی ئەورووپای رۆژئاوای کۆن بە ئەندام لە پەیمانی ناتۆ، هەوڵیان ئەدا هەیمەنەو هەژمونی خۆیان بەسەر رووسەکاندا  بسەپێنن و بیانکەن بە پاشکۆی خۆیانەوە  

دونیابینی رووسەکان لە دونیای سیاسەتدا  هیچ کاتێک نەیتوانی تەریب بێت لەگەڵ دونیابینی رۆژئاواییەکاندا 

رۆژئاوا بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە ساڵانی دوای رووخانی یەکێتی سۆفیەت خۆی بە براوەی رەهای ململانێ و بەرەی سەرکەوتووی جەنگی سارد و شۆڕە سواری جیهانی یەک جەمسەری وێنا دەکرد 

دوای هاتنەسەرکاری ڤلادێمیر پوتینی گەنج و قاڵ بووەوەی شەڕی ساردو ئەفسەرە باڵادەست و خاوەن ئەزمونەکەی هەڵگری خولیای گێڕانەوەی شکۆ بۆ رووسەکان، ترسی رۆژئاوا چووە قۆناغێکی ترەوە

سەرقاڵ بوونی لە ڕادەبەدەری رۆژئاوا بە ئیسلام و  پرسی پەنابەرو کۆچبەران و تەوژمی تووندڕۆیی و رووبەرووبوونەوەی رێکخراوە تیرۆرکارەکانی وەک قاعیدەو داعش و جەنگە دۆڕاوەکەی ئەفغانستان و شکست لە عێراق، دەرفەتێکی زێڕینی بۆ پوتین هێنایە پێشەوە 

پوتین وەک سەرکردەیەکی بە تواناو خاوەن کاریزما و خاوەن بڕیار و پاشکۆی هزری ئیمپراتۆریەتی سۆفیەتی گەورە، توانی لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا سەرنجی شەقام و ڕای گشتی رووسیە بۆ ئامانجە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی رابکێشێ و بەرەی ئۆپۆزیسیۆن لاواز بکات و وەک قارەمانێکی نەتەوەیی دەربکەوێ 

لە کاتێکدا رۆژئاوا بەردەوام سەرقاڵی تاوتوێ کردنی هۆکارەکانی شکست لە ئەفغانستان و فەشەل لە دامەزراندنی عێراقێکی خاڵی لە تائیفیەت و رووبەرووبوونەوەکانی داعش بوو

سەرقاڵ بوونێک دۆخێکی وای بۆ رووسەکان رەخساند بە جموجۆڵە سەربازیەکانیان لەو هەرێمانەی ئەوان بە خاڵی قووڵایی  ستراتیژی ژیوپۆلیتیکی ناوچەیی سیاسەتی خۆیانیان لەقەڵەم دەدا، هەژمون و باڵادەستی خۆیان بەسەر هەموواندا بسەپێنن و بەهێزەوە دەربکەون 

پوتین تا ئەم ساتەش لە روانگەی هێزەوە خۆی نمایش دەکات، قسەدەکات و دەردەکەوێ. هەرچەندە قەوارەی  ئابوریەکەی بە قەد ئابوری ئیتاڵیایە، لێ توانیویەتی بەرگەی فشارە دەرەکیەکان بگرێ و لەسەر پێی خۆی بوەستێ

ئەو توانیویەتی لەرووی سەربازیەوە ئەوەی مەبەستی بووبێت لە رێگەی نمایشی هێزو پیشاندانی توانای سەربازی و چەک و جبەخانەی پێشکەوتووەوە دەستی بخات و هەوڵەکانیشی بەردەوام هەردوو رەهەندی دیپلۆماسی و  سیاسی لەخۆگرتووە 

پوتین  لە بواری سەربازیشدا سەلماندوویەتی هێزێکە ئەشێ کۆتایی بە سیاسەتی تاک جەمسەری ئەمریکاوە بهێنێ و لە پاڵ چینێکی بەهێزی ئابوری و سەربازیەوە رێ لە هەژمون و نفوز و پاوانخوازی و بەرزەفری و دەسەڵاتگەرایی رەهای ئەمریکاوە بگرێ و سنوورێک بۆ بێ موبالاتی و بێ منەتی رۆژئاوا دابنێ و خۆی بسەپێنێ

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه