له‌وكاته‌ی ئیهاب وه‌زنی، چالاكوانی عێراقی له 8ی ئه‌م مانگه‌وه تیرۆركراوه، شه‌قامی عێراقی له پارێزگای كه‌ربه‌لا هێور نه‌بووه‌ته‌وه و چالاكوانان و خۆپیشانده‌ران تادێت فشاره‌كانیان زیاتر ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و تاوانه به‌بێ سزا تێنه‌په‌ڕێت، له‌كاتێكدا زۆرێك له چالاكوانانی عێراقی وه‌زنی به "باوكی رۆحی" و سه‌ركرده‌ی خۆپیشانده‌رانی عێراقی ناوده‌به‌ن.
تیرۆركردنی وه‌زنی، شه‌پۆلێكی خۆپیشاندانی توندوتیژیی له كه‌ربه‌لا به‌دوای خۆیدا هێنا، دۆخه‌كه به‌ئاستێك گه‌یشت كه خۆپیشانده‌ران ئاگریان له بینایه‌ی كونسوڵخانه‌ی ئێران له‌و پارێزگایه به‌ردا، هه‌روه‌ك كه‌مپینێك بۆ بایكۆتكردنی به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوه‌خته له‌ناو شه‌قامی عێراقی سه‌ری هه‌ڵداوه، كه بڕیاره له 10ی مانگی ئوكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچن.
به‌ڵام وه‌ك دیاره ته‌نیا ئه‌مه‌ش به‌س نه‌بوو، به‌ڵكو چالاكوانانی عێراقی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ڕێگه‌ی هاش تاگی "#من_قتلني"، واتا "#كێ_منی كوشت" ده‌ستیان به هه‌ڵمه‌تێك كردووه بۆ ئاشكراكردنی بكوژانی وه‌زنی، چالاكوانان، خۆپیشانده‌ران و رۆژنامه‌نووسانی دیكه‌ی عێراقی.
ئه‌و هه‌ڵمه‌ته به‌خێرایی له تۆڕی تویته‌ر ته‌شه‌نه‌ی كرد و چالاكوانان وێنه‌ی ئه‌و چالاكوانه و قوربانییه‌كانیان بڵاوكرده‌وه، كه تیرۆر كراوون، له‌وانه‌ش هیشام ئه‌لهاشمی، عه‌بد ئهلقدوس قاسم، ئه‌مجه‌د ده‌هامات، فلهم ئه‌لتائی، ریهام یه‌عقوب و ده‌یان چالاكوانی دیكه كه به گوللـه‌ی چه‌كداران كوژراون و تائێستاش بكوژانیان به شاراوه‌یی ماونه‌ته‌وه.
#من_قتلني
— H 🇮🇶 (@hbosh_iq) May 16, 2021
Who killed them?? pic.twitter.com/wNOZCE4wgr
Murders of Iraqi activists & civilians are taking place publicly with surveillance cameras capturing enough details to identify the gunmen, yet no one is being prosecuted.#من_قتلني pic.twitter.com/69T7v8d6jl
— Sally Bachori (@sabachor) May 17, 2021
له‌وباره‌یه‌وه مه‌روان خه‌فاجی، برای ئیهاب وه‌زنی ده‌ڵێت، له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌ركرده‌كانی خۆپیشاندان له "سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراق" بڕیاردراوه، "به‌رهه‌ڵستی ده‌سه‌ڵات بكه‌ن و بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكرێت و رێگه نه‌درێت له دۆخی بوونی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت و به‌رده‌وامی كرده‌وه تیرۆرستییه‌كان؛ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت".
خه‌فاجی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌و گرژییانه وه‌ڵامێكن بۆ "ئاشكرانه‌كردنی بكوژانی وه‌زنی و لهكارلانهدانی پارێزگای كه‌ربه‌لا و فه‌رمانده‌ی پۆلیس و فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئه‌و پارێزگایه"، وه‌ك چۆن خانه‌واده‌ی وه‌زنی دوای كوشتنی ئه‌و چالاكوانه داوایانكردووه.
هه‌روه‌ك له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاویكردووه‌ته‌وه، خه‌فاجی داوای له گه‌لی عێراق و سه‌ندیكا و یه‌كێتییه‌كان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی كردووه، "له‌گه‌ڵمان به‌شدار بن و پشتیوانی هه‌نگاوه ناوه‌ندییه‌كانی داهاتوومان بكه‌ن بۆ رزگاربوون رژێمی ناشه‌رعی و كۆمه‌ڵكوژ".

براكه‌ی وه‌زنی ناوی ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی ئاشكرا نه‌كرد كه له كۆبوونه‌وه‌ی "سه‌ركرده‌ی خۆپیشاندانه‌كان" به‌شدار بوون و هیچ زانیارییه‌كیشی له‌باره‌ی میكانیزم و هه‌نگاوی داهاتوویان بۆ رێگریكردن له هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له كاتی دیاریكراوی خۆیدا یاخود ئه‌و رێگه‌یه‌ی كه به گوته‌ی خۆی "له رژێمی ناشه‌رعی و كۆمه‌ڵكوژ رزگار ده‌بن" نه‌دركاند.
پێشبینی ده‌كرێت سه‌ركرده‌ی خۆپیشاندانه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی خانه‌واده‌ی وه‌زنی هاوڕا بن، هه‌رچه‌نده تا ئێستا هیچ پلانێكیان بۆ داهاتوو ئاشكرا نه‌كردووه، به‌ڵام ژماره‌یه‌كیان گوتوویانه، كاتی هه‌ڵچوونه‌كانی داهاتوو له 25ی ئه‌م مانگه‌یه.
له‌وباره‌شه‌وه حوسێن غورابی، ئه‌ندامی ره‌وتی "ماڵی نیشتمانی عێراقی" بۆ پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی حوڕه گوتی: "خۆپیشانده‌ران ئاماده‌كاری بۆ سه‌رهه‌ڵدانێكی گه‌وره به شوێنێكی پێشبینی نه‌كراو ده‌كه‌ن و كاریگه‌رییه‌كه‌شی زۆر گه‌وره ده‌بێت".
غورابی ره‌تیكرده‌وه زانیاری و ورده‌كاری زیاتر له‌باره‌ی ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانه بدات، به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی كه قسه‌ی بۆ حوڕه كردووه، گوتوویه‌تی: "هێزه ئه‌منییه‌كانیش ئاماده‌كاری بۆ بڵاوه‌پێكردنی خۆپیشاندانێكی گه‌وره له چه‌ند رۆژی داهاتوودا له به‌غدا ده‌كه‌ن".
ئه‌و سه‌رچاوه ئه‌منییه كه نه‌یویست ئاماژه به ناوی بكرێت، گوتی: "چه‌ند داواكارییه‌ك بۆ گرتنه‌به‌ری رێككاری ئه‌منی گه‌یشتوون و پیشبینی ده‌كرێت توندوتیژی سه‌رهه‌ڵبده‌ن".
حوسێن غورابی، ئه‌ندامه‌كه‌ی ره‌وتی "ماڵی نیشتمانی" ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "توندوتیژی به‌ته‌واوی ره‌تكراوه‌یه" و دووپاتیكرده‌وه، "ئیهاب وه‌زنی یه‌كێك بوو له گرنگترین سه‌ركرده‌كانی خۆپیشاندانه‌كان و باوكی رۆحی هه‌موو خۆپیشانده‌رێك بوو نه‌ك به‌ته‌نیا له كه‌ربه‌لا، دواتریش تیرۆركردنی وه‌زنی نیشانه‌یه‌كی جیاوازه و ده‌بوایه راسته‌وخۆ دوای تیرۆركردنی خۆپیشاندان سازكرابان، بۆ ئه‌وه‌ی سنوورێك بۆ خه‌ڵه‌فانی حكومی و میلیشیایی به گیانی هاووڵاتییان دابنرێت".
غورابی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌و بڕیاره‌ی كه ده‌ركراوه، بڕیاری سه‌رجه‌م خۆپیشانده‌رانه بۆ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانێكی گه‌وره له به‌غدا، من له‌و باوه‌ڕه‌دام خۆپیشاندانه‌كه به به‌شداری زۆرترین ژماره‌ی جه‌ماوه‌ر سازده‌كرێت و له گۆڕه‌پانی ته‌حریر نابێت، به‌ڵكو له شوێنێكی دیكه ده‌بێت، كه گه‌نده‌ڵكاران بهه‌ژێنێت".
غورابی جه‌ختی كرده‌وه، "من له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم هه‌ڵبژاردن له‌و دۆخه‌دا به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌مه به هه‌ڵبژاردنی تشرین ناوده‌برێت و ناكرێت به‌ڕێوه‌بچن ته‌نیا به مه‌رجه‌كانی تشرین نه‌بێت".
لای خۆیه‌وه حوسێن مه‌حمود هۆشداری له لێكه‌وته‌كانی ئه‌و تووڕه‌ییه‌ی جه‌ماوه‌ری له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانی كه‌ربه‌لاوه ده‌دات، كه به گوته‌ی خۆی "له ئه‌نجامی به‌ده‌نگه‌وه‌نه‌هاتنی داواكارییه‌كانیان و گوێنه‌دانی ده‌سه‌ڵات به بوونی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت و سووربوونی له‌سه‌ر نه‌گرتنه‌به‌ری رێكاری یاسایی و لێكۆڵینه‌وه هاتووه‌ته ئاراوه و ئامانجێكی دیكه‌شیان ئاشكراكردنی بكوژانی خۆپیشانده‌رانی تشرین و چالاكوانانی سڤیله، كه دوایینیان ئیهاب وه‌زنی بوو".
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی حوڕه، له ئه‌گه‌ری دواخستنی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته، چاودێرانی سیاسیی عێراقی هۆشداری له مه‌ترسییه‌كانی دۆخه‌كه ده‌ده‌ن.
له‌وباره‌شه‌وه مونته‌سر عه‌واد، شرۆڤه‌كاری سیاسی گوتی: "زانیاری پشتڕاستنهكراوه هه‌ن، كه وێڕای ئه‌وه‌ی كوتله سیاسییه‌كان سوورن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی له واده‌ی خۆیدا، به‌ڵام حكومه‌ت خواستێكی بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌یه، له‌كاتێكدا زۆربه‌ی بزووتنه‌وه‌كانی خۆپیشاندان جه‌خت له‌سه‌ر بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌نه‌وه".
عه‌واد ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌هۆی خۆپیشاندانه‌وه دۆخه‌كه زۆر له پیشان ئاڵۆزتر ده‌كات و وا له خۆپیشانده‌رانیش ده‌كات، وێڕای داواكارییه ره‌واكانیان، بكه‌ونه به‌ر رهخنهبارانكردن"، هه‌روه‌ها گوتی: "ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایش بۆ چالاكوانان و ركابه‌ره سیاسییه‌كان پێویستییه‌كی دیموكراتییه".
عه‌ودا له‌و باوه‌ڕه دایه، "بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بژارده‌یه‌كی زۆر باشتره له داواكردن بۆ دواخستنیان، چونكه بایكۆتكردن فشاری زیاتر له‌سه‌ر كوتله سیاسییه‌كان دروست ده‌كات، به‌ڵام دواخستنی ده‌رفه‌تێكی فراوانتری خۆڕێكخستنه‌وه بۆیان ده‌ڕه‌خسێنێت".
خۆپیشانده‌رانی عێراقی داوا ده‌كه‌ن، به‌ر له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاسایش بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان دابین بكرێت، میلیشیاكان كۆنترۆڵ بكرێن، بكوژانی خۆپیشانده‌ران و چالاكوانان و ئه‌نجامده‌رانی كرده‌وه تیرۆرستییه‌كان سزا بدرێن.
قاسم عه‌بادی، سه‌ركرده‌یه‌كی خۆپیشاندانه‌كانی به‌غدا ده‌ڵێت: داواكردنی رێگریكردن له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاكامێكی ئاساییه بۆ به‌رده‌وامیدانی گه‌ڕانی ده‌سه‌ڵاتداران بۆ ته‌واوكردنی دۆسییه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ڕووی رێكار و خۆڕێكخستنه‌وه.
عه‌بادی له‌و باوه‌ڕه دایه، "ئه‌و مه‌رجانه‌ی خۆپیشانده‌ران سه‌پاندوویانه، مه‌رجی واقعی و لۆژیكین بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌لامه‌تی ئه‌و خۆپیشاندانانه به ته‌واوی جومگه‌كانییه‌وه".
ئه‌مه دوای ئه‌وه هاتووه، وه‌زنی له 8ی ئه‌م مانگه له گه‌ڕه‌كی كۆنی كه‌ربه‌لا، به‌هه‌مان ئه‌و شێوازه كوژرا، كه فاهم تائیی هاوكاره‌كه‌ی له كۆتایی ساڵی رابردوو له هه‌مان ئه‌و شاره كوژرا، هه‌روه‌ها به هه‌مان ئه‌و شێوازه‌ی كه هیشام هاشمی، شاره‌زای عێراقیی له به‌غدا له ناوه‌ڕاستی ساڵی رابردوو كوژرا.
هه‌روه‌ك عه‌لا مهشذوب، چالاكوانی دیاری عێراقی له مانگی شوبات/ فێبرایه‌ری ساڵی 2019 به 13 گوللـه له كه‌ربه‌لا كوژرا.
له‌و سێ رووداوه‌دا و له رووداوه‌كانی دیكه‌ی هاوشێوه‌دا، ماتۆڕسوارێك به سواری ماتۆڕێكی بچوك هێرشی كرده سه‌ر چالاكوانان و ده‌مانچه یان رهشاشهكهی له‌ڕوویان ده‌ته‌قێنێت و دواتر بۆ شوێنێكی نادیار راده‌كات.
هه‌روه‌ها ریهام یه‌عقوب، چالاكوانی عێراقی له مانگی ئاب/ ئۆگه‌ستی ساڵی 2020 له به‌سره كوژرا، له هه‌مان مانگدا چالاكوانێكی دیكه به‌ناوی ته‌حسین ئوسامه هه‌ر له‌و شاره كوژرا.
له‌به‌رامبه‌ریشدا حكومه‌تی عێراق به‌رده‌وام ده‌ڵێت: كه لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوون بۆ كرده‌وه تیرۆرستییه‌كان ده‌كات، به‌ڵام تائیستا ئه‌نجامی هیچ كامێك له‌و لێكۆڵینه‌وانه رانه‌گه‌یه‌ندراون.
وەڵام بدەوه