ترەمپ پەیامی نوێی خۆی لەبارەی کوردەوە گەیاندە ئەحمەد شەرع
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا ڕایگەیاند:
ئەمڕۆ، بە نوێنەرایەتی سەرۆک دۆناڵد جەی ترەمپ و مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوە، لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەراع، سەرۆکی سووریا و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە و ئەندامانی تیمی حکومەت کۆبووینەوە. لە دیدارەکەدا دوایین پەرەسەندنەکانی حەلەب و ڕەوتی گشتیی قۆناغی گواستنەوە لە سووریا تاوتوێ کران.
سەرۆک ترەمپ ئەم قۆناغە بە دەرفەتێکی مێژوویی و وەرچەرخانێک دەبینێت بۆ بونیادنانی سووریایەکی نوێی یەکگرتوو؛ سووریایەک کە تێیدا ڕێز لە سەرجەم پێکهاتەکان (عەرەب، کورد، دروز، کریستیان، عەلەوی، تورکمان، ئاشووری و پێکهاتەکانی دیکە) بگیرێت و کەرامەتیان پارێزراو بێت، لەگەڵ زامنکردنی بەشداریی کارایان لە دەسەڵات و دامەزراوە ئەمنییەکاندا.
لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆک ترەمپ ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا، بە ئامانجی "بەخشینی دەرفەتێک بە سووریا" بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە.
حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشوازی لە قۆناغی گواستنەوەی مێژوویی سووریا دەکات و پشتگیریی خۆی بۆ حکومەتی سووریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەراع ڕادەگەیەنێت، لە پێناو چەسپاندنی سەقامگیری، بونیادنانەوەی دامەزراوەکان و بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی سووریا بۆ ئاسایش، ئاشتی و خۆشگوزەرانی.
ویلایەتە یەکگرتووەکان جەخت لە بەردەوامیی پاڵپشتییەکانی دەکاتەوە بۆ هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی داعش و بەهێزکردنی سەقامگیری لە سووریا، لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی "پۆڵایین" (OIR) و هاوبەشییەکەی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).
واشنتن ئاماژە بەوە دەکات کە قوربانییەکانی هەسەدە ڕەگەزێکی سەرەکی بوون لە بەدیهێنانی دەستکەوتی بەردەوام دژی تیرۆر.
حکومەتی سووریا پابەندبوونی خۆی بە ڕێککەوتنی ئازاری ٢٠٢٥ تایبەت بە یەکخستنی هێزەکانی هەسەدە دووپاتکردەوە، کە ئامانج لێی تێکەڵکردنیانە لە ناو دامەزراوە نیشتمانییەکاندا، لەگەڵ پاراستنی مافی کوردان و بەهێزکردنی یەکپارچەیی و سەروەریی سووریا.
ویلایەتە یەکگرتووەکان نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر پەرەسەندنەکانی دوایی حەلەب دەربڕی، کە لەوانەیە ببێتە بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم ڕێککەوتنەدا.
داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەین دانبەخۆدا بگرن، دەستبەجێ کردە جەنگییەکان ڕابگرن و بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆ بەگوێرەی ڕێککەوتنەکانی ١٠ی ئازار و ١ی نیسانی ٢٠٢٥ی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە.
ئەمریکا هۆشداری دەدات کە بەردەوامیی توندوتیژییەکان دەبێتە هۆی تێکدانی ئەو پێشکەوتنانەی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بەدەستهاتوون، و ڕێگە بۆ دەستێوەردانی دەرەکی خۆش دەکات کە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە.
جەخت لەوە کراوەتەوە کە تیمی وەزیر مارکۆ ڕۆبیۆ ئامادەیە بۆ ئاسانکاریی گفتوگۆی بنیاتنەر لە نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدەدا، بە مەبەستی پشتگیریکردن لە پرۆسەی یەکخستنێکی گشتگیر و بەرپرسیارانە.
پێویستە پرۆسەی یەکخستنی هێزەکان ڕێز لە یەکپارچەیی و سەروەریی سووریا بگرێت و پشتگیری لە پرەنسیپی "یەک دەوڵەت و یەک سوپای نیشتمانیی شەرعی" بکات.
ئامانجی کۆتایی، سووریایەکی یەکگرتووی خاوەن سەروەرییە، کە لە ئاشتیدا بێت لەگەڵ خۆی و دراوسێکانیدا، و یەکسانی، دادپەروەری و دەرفەتی وەک یەک بۆ هەموو هاووڵاتیانی زامن بکات.
ویلایەتە یەکگرتووەکان داوا لە وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات پشتگیری لەم دیدگایە بکەن و هاوکاری و یارمەتیی پێویست بۆ بەدیهێنانی پێشکەش بکەن.


وەڵام بدەوه