وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، ڕوخانی خێرای دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەدی سەرۆكی پێشوی سوریا، دەرئەنجامی بێتوانایی ئەو بوە لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتەكەی و نەیتوانیەوە پێداویستییە سەرەتاییەکانی دانیشتوان دابینبكات، دەشڵێت، "ڕوخانی ئەسەد بەهۆی سزاكانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەوە نەبوە"
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ئەمڕۆ دوشەممە بە ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی ڕوسیا (تای)ی ڕاگەیاند، ڕوخانی خێرای دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەدی سەرۆكی پێشوی سوریا، دەرئەنجامی بێتوانایی ئەو بوە لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتەكەی.
ئاماژەی بەوەشكرد، "لە ئێستاوە دەتوانین بڵێین یەکێک لە هۆکارەکانی تێکچونی دۆخەکە، بێتوانایی حکومەتی پێشو بو لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی دانیشتوان لە نێوان ئەو شەڕە درێژخایەنەدا كە لەو وڵاتە ڕویدا".
وەزیری ڕوسیا باسی لەوەشكرد، "دوای ئەو سەرکەوتنانەی لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆری نێودەوڵەتی (داعش) بەدەست هاتن کە هێزی ئاسمانی ڕوسیاش بەشدارییان تێداکردوە، سورییەکان پێشبینیان دەکرد ژیانیان باشتر بێت".
ئەوەشی خستەڕو، ڕوخانی ئەسەد بەهۆی سزاكانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەوە كە بەسەر سوریایاندا سەپاندوە، نەبوە.
ئەوە لەكاتێكدایە ڕوسیا پاڵپشتێکی سەرەکی ئەسەد بوە، هەروەها چەند بنکەیەكی سەربازیی لە سوریا هەیە و پێشتر ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا دوپاتیکردەوە، "ڕوخانی ئەسەد بە شکست بۆ سوپای ڕوسیا نابینن، کە لە ساڵی 2015ەوە لە سوریا جێگیر بونە".
وەڵام بدەوه