ئەمڕۆ شەممە، دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:'' له ماوەی ڕابردوو پێداچوونەوە بە نرخی دەرمان کراوە لە هەرێمی کوردستان و بەو هۆیەوە لە ماوەی ساڵەکانی 2024 و 2025 و شەش مانگی ساڵی 2026دا زیاتر لە 300 ملیار دینار داشکاندن لە نرخی دەرمانەکاندا کراوە.
گوتیشی:'' جارێکی دیکە وەزارەتی تەندروستی لە هەوڵدایە بۆ پێداچوونەوە بە نرخی دەرمان و جارێکی دیکە داشکانی بۆ دەکات.
لە درێژەی قسەکانیدا وەزیری تەندروستی باسی لەوەشکرد:'' ئێستا لە ڕێگەی سیستمێکی ئەلیکترۆنییەوە هاووڵاتیان کاتێک دەچنە دەرمانخانەکان بۆ کڕینی دەرمان، دەتوانن بزانن نرخە فەرمییەکەی دەرمان کە وەزارەتی تەندروستی دیاری کردووە چەندە، کوالێتییەکەی چۆنە، شوێنی دروستکردن و بەرهەمهێنان و شێوازی گواستنەوە و هەڵگرتنەکەیشی چۆنە، و ئەگەر سکاڵایەکیشیان هەبوو، هەر لەم ڕێگە و سیستمە ئەلیکترۆنییەوە دەتوانن سکاڵاکانیان تۆمار بکەن.
زیاتر گوتیشی، "ئێستا و لە سەروبەندی ئامادەکردنی پرۆژەی بودجەی ساڵی 2027 و دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست، هەرێمی کوردستانیش داوای پشکی خۆی کردووە، بەتایبەتی بۆ کەرتی تەندروستی وەکوو پزیشکان و دەرچووانی کۆلێژە پزیشکەکان و هەروەها هەموو ئەو پزیشکانەی کە پێویستمانە لە وەزارەتی تەندروستی، بۆیە ئێمە خۆمان بە نوێنەری ئەو دەرچووانە دەزانین و داوامان کردووە کە پشکی هەرێمی کوردستان لە پشکی دامەزراندنی حکومەتی عێراقی دیاری بکرێ، کە حکومەتی عێراقی داوای نزیکەی 150 هەزار پلەی دامەزراندنی کردووە.
لە کۆتایی د. سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی ژمارەیەکی زۆری سەنتەر و نەخۆشخانەکانی چارەسەری شێرپەنجەیە، پێشووتر لە پارێزگای دهۆک نەخۆشخانەی شێرپەنجە کراوەتەوە و هەروەها لە هەریەک لە ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕین و هەڵەبجەش بە هەمان شێوە سەنتەرەکانی شێرپەنجە کراونەتەوە، ئێستاش لە شاری هەولێر و لە شاری سلێمانی دوو نەخۆشخانەی گەورەی چارەسەری شێرپەنجە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست دەکرێن کە لە شێوەی پێکهاتە و ئامێر و چارەسەرکردندا بۆ یەکەمین جارە لەم جۆرە نەخۆشخانانە بنیات دەندرێن.


وەڵام بدەوه