سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەمڕۆ شەممە (28ی کانوونی یەکەمی 2024)، ئاشکرای کرد، چەند هۆکارێك لەپشت زۆربوون و چڕبوونەوەی چالاکییەکانی هێزەكانی ئەمریكاوە لە بنكەی (عەین ئەلئەسەد)ی ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراقدا هەن.
سەرچاوەکە بۆ (بەغدای ئەلیەوم) رایگەیاندووە، دوای 8ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، جموجۆڵی فڕۆکە بارهەڵگرە گەورەکان لە عەین ئەلئەسەد، بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بوون و لە ڕۆژانی ڕابردوودا گەیشتووەتە لوتكە. هەندێکیان لە بنکە ئەمریکییەکانی کەنداوی عەرەبی و هەندێکی دیکەیان لە بنکەکانی ئەورووپاوە هاتوون و سەرباز و کەرەستە و چەکوچۆڵی زۆریان هەڵگرتووە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، پێش ئەوەی ئەو هێز و کەرەستانە بۆ 7 بنکەی ئەمریکی لە سووریا بگوازرێنەوە، بەتایبەتی بۆ حەسەکە، عەین ئەلئەسەد بووەتە خاڵێکی كۆكەرەوە و گەورەترین بنكە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەپێی زانیارییەكان، جگە لەو بنكەیەی حەسەكە، واشنتۆن ڕەزامەندیی وەرگرتووە بۆ دامەزراندنی 3 بنکەی نوێ لە دیمەشق، دەرعا و قونەیترە.
سەرچاوەكە دەڵێت: “ لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، چوار فڕۆکەی بارهەڵگری مامناوەند سەرباز و کەرەستەیان لە عەین ئەلئەسەدەوە بۆ بنکەیەکی ئەمریکی لە گوندەکانی حەسەکە گواستووەتەوە، واتە هۆکارەکانی چڕبوونەوەی چالاکییەکان سەرەتای گەورەترین پرۆسەی دووبارە بڵاوبوونەوەی هێزە ئەمریکییەکانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.”
سەرچاوەكە ئاشكراشی كردووە، ناکرێت گواستنەوەی هەزاران سەربازی هێزەکانی ئەمریکا، لە چەند مانگی پێشتر ئامادەیی بۆ نەکرابێت بۆ ئەم بژارەیە و وا دیارە سیناریۆی ڕووخاندنی ئەسەد یەکێک بووە لەوانە، ئەمەش ڕوونکردنەوەیە بۆ هاتنی هێزەکان بە ژمارەیەکی زۆر بۆ چەندین بنکە لە سووریا، بەبێ هیچ کاردانەوەیەک لە لایەن فەرمانڕەوا نوێیەکانی دیمەشقەوە.
پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە (20ی کانوونی یەکەمی 2024) ئاشکرای کرد، کە کاروانێکی سەربازیی گەورە لە عەین ئەلئەسەدەوە بۆ بنکە ئەمریکییەکان لە سووریا گواستراوەتەوە.
لەکۆتاییدا، سەرچاوەکە جەختی کردەوە کە "ئەم جووڵە سەربازییە گەورەیە لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە ناوچەکە، بەتایبەتی لە سووریا، ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە لە ستراتیژی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵێکە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هاوکێشە سیاسی و سەربازییەکان لە ناوچەکە، لە قۆناغی دوای رووخانی رژێمی ئەسەد."
وەڵام بدەوه