ئهمڕۆ یهكشهممه 22ی 12ی 2024، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ڕۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) بە نهێنی لەگەڵ ئیدارەی ئێستای سووریا لە دانوستاندان لە دیمەشق، بۆ ئەوەی ناوچە سنوورییەكانی كوردستانی رۆژئاوا لە چەك دابماڵدرێن، هەر لە كۆبانێ تا دێریك.
سهرچاوهكه بۆ (کوردستان پرێس) ڕایگهیاند: ”ئێستا دانوستانی نهێنی لەنێوان هەسەدە و ئیدارەی ئێستای سووریا لە دیمەشق بەڕێوە دەچێ، سەبارەت بە چارەنووسی ئەو ناوچانەی كورد لەگەڵ سنووری توركیا، هەروەها كشانەوەی كادیرانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە ناوچەكە، ئەوەش دوای ڕووخانی رژێمی بەشار ئەسەد و كشانەوەی رووسیا لە سووریا دێت.“
گوتیشی: ”هەسەدە پێشنیاری كردووە، هەموو ناوچە سنوورییەكان لە چەك دابماڵدرێن، لەناویشیاندا كۆبانێ، ئەویش لەژێر سەرپەرشتیی حكوومەتی نوێی سووریا لە دیمەشق، لەگەڵ مانەوەی ئیدارەیەكی مەدەنی، بۆ ئەوەی رێگریی بكرێ لە لەشكركێشیی توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی كورد لە رۆژئاوا.“
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی روون كردهوه، كه دانوستانەكە بابەتی كشانەوە و چوونەدەری كادیرانی پەكەكەش لەخۆ دەگرێ لە سووریا، وەك چۆن توركیا دەیخوازێ.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، توركیا سووره لەسەر دوورخستنەوەی هەسەدە بۆ مەودای 30 كم لە سنوور، بۆیە هەسەدە هەوڵ دەدات بە هەموو جۆرێك لەگەڵ حكوومەتی نوێی سووریا بگاتە رێككەوتن و چوونە ناو حكوومەت.
ڕاشیگهیاند، هەسەدە داوای بەهانەوەچوونی لە ئەمریكا كردووە، بۆ ئەوەی بابەتەكە بەر لە هاتنی دۆناڵد ترامپ یەكلایی ببێتەوە.
ماهر خەلیل ئەلحەسەن، وەزیری بازرگانیی سووریا لە حكوومەتی كاربەڕێكەر پەردەی لەسەر دانوستانەكە هەڵدایەوە، كە ئێستا لەگەڵ هەسەدەدا سەبارەت بە رۆژهەڵاتی فورات بەڕێوە دەچێ، گەشبینیی خۆیشی بۆ گەیشتن بە چارەسەری داهاتووی سووریا دەربڕی.
لای خۆیەوە، هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگهیاند، ئەگەر ئیدارەی نوێی سووریا بابەتی هەسەدە چارەسەر نەكات، ئیدی هۆكارێك نامێنێتەوە كە دەستوەردان نەكەین.
سەرچاوەیەكی نزیك لە هەسەدە بۆ (کوردستان پرێس) گوتی: ”هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تا دووشەممەی داهاتوو مۆڵەتی داوەتە هەسەدە بۆ ئەوەی لە كۆبانێ بكشێتەوە و ڕادەستی ئەنجوومەنی مەدەنی بكات، بۆ ئەوەی رێگریی بكرێ لە هەر هێرشێكی چاوەڕوانكراوی توركیا.“
وەڵام بدەوه