سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هیوا دەخوازێت فراکسیۆنە کوردستانییەکان "بە هەستی بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە مامەڵە لەگەڵ پڕۆژەیاسای بودجە بکەن."
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بە فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "پارێزگاریی لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی بکەن و دژی هەر هەوڵێک بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان بوەستنەوە."
ئەو قسانەی مەسرور بارزانی لەکاتێکدایە، بەشێک لە مادەکانی 13 و 14ـی رەشنووسی بودجەی عێراق لەلایەن چوار فراکسیۆنی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق بە "هەوڵ بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان" ناودەبرێن، لەنێویاندا راستەوخۆ مامەڵەکردنی حکومەتی عێراق لەگەڵ ئەو پارێزگایەی لە هەرێمی کوردستان ناڕازی بێت لە حکومەت، لەگەڵ پرسی نەوتی کەرکووک و نەینەوا.
بەرەبەیانیی 9ى حوزەیران، پەرلەمانى عێراق دەنگى لەسەر شەش مادەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى دا و مادەیەکى لابرد و مادەیەکى جێهێشت بۆ لیژنەى دارایی.
بڕیاربوو کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق کاژێر 01:00ى ئەمڕۆ هەینى بکرێت بۆ دەستپێکردنەوەى دەنگدان لەسەر مادەکانى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق، بەڵام کۆبوونەوەکە دواکەوت.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی "تاوەکو ئێستا دیارنییە کەی پەرلەمان کۆدەبێتەوە، بەڵام تاڕادەیەک رێککەوتن لەسەر رەشنووسەکە هەیە، ئەمڕۆ مادەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان پەسند دەکرێن، بەڵام هێشتا دەتواندرێت هەمواربکرێنەوە."
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
هیوادارم فراکسیۆنە کوردستانییەکان بە هەستی بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە مامەڵە لەگەڵ پرۆژەیاسای بودجە بکەن و پارێزگاریی لە قەوارەی هەرێم و مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی بکەن و دژی هەر هەوڵێک بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێم بوەستنەوە.
وەڵام بدەوه