ئەو دوو ئەندامەی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان كە ڕۆژی دووشەممە 22ی ئایاری 2023 هەڵبژێردران، دەستیان بە مامەڵەی دەستبەكاربوون كرد.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە هەریەك لە كامەران نەشئەت بەكر، لهسهر پێكهاتهی توركمان و عەلی ساڵح مەحموود لهسهر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەستیان بە مامەڵەكردنی تایبەت بە دەستبەكاربوون لە ئەنجوومەنی كۆمسیاران كردووە، پاش ئەوەی لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بە دەنگی 58 پەرلەمانتار هەڵبژێردران و لە جێگەی هەریەك لە دكتۆر جووتیار عادل و سیاح كوورەچی، دانران.
چاوەڕوان دەكرێت پاش تەواوكردنی ڕێكارەكان، هەفتەی داهاتوو ئەو دوو ئەندامەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران بە فەرمی سوێندی یاسایی بخۆن و لە كۆمسیۆن دەست بە دەوام و كاروباری خۆیان بكەن.
دووشەممەی رابردوو، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان كە سەرجەمیان 58 پەرلەمانتار بوون، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی كارا كرایەوە و دوو ئەندامیشیان بۆ ئەنجوومەنی كۆمسیاران هەڵبژاردن، هەردوو بڕیارەكەش دوێنێ بە فەرمی لە رۆژنامەی (وەقایعی كوردستان)دا بڵاو كرایەوە.
وەڵام بدەوه