ئەمڕۆ سێشەممە 9/5/2023 ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی کرد لە تیمی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییە داراییەکان و بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش داوە: تیمەکە لە نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و ١٥ دامەزراوەی هەرێمی کوردستان پێک هاتووە و ئەرکی ئەو تیمە جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتیی هەرێمی کوردستانە کە هاوتەریبە لەگەڵ ڕاسپاردەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەکان لە بواری نەهێشتنی دەرفەتەکانی سپیکردنەوەی پارە و بەدواداچوونی ورد و وشککردنی سەرچاوەکانی پارەدارکردنی تیرۆر.
ڕوونیش کراوەتەوە: وەزیری ناوخۆ سوپاسی تیمی هەرێمی کوردستانی کرد کە بە باشی کارەکان بەڕێوەدەبەن و باسی لە هەوڵەکانی حکوومەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی ڕووندا چەندین ساڵە شەڕی تیرۆر و سەرچاوەکانی داهات و پارەدارکردنی دەکەن و لە بوارەکانی نەهێشتنی دەرفەت بۆ سپیکردنەوەی پارەش هەنگاوی زۆر باش نراون.
دەربارەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان، وەزیری ناوخۆ تیمی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد کە هەموو هەماهەنگییەک لەگەڵ تیمی فیدراڵی بکەن و ئەو ڕاسپاردانەی پێویستن لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێن، دوای گونجاندنیان لەگەڵ تایبەتمەندیی دامەزراوەکان، بە زووترین کات جێبەجێ بکرێن. هەروەها باسی لە پڕۆژەیاسای هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئینفازکردنی یاسای فیدراڵی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر کرد کە لە ئەنجومەنی وەزیران پەسند کراوە و بۆ دەرچواندنی ڕەوانەی پارلەمانی کوردستان کراوە.
وەڵام بدەوه