سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی کردنەوەی دوو هەژماری بانکی لە بانکەکانی رافیدەین و رەشید بۆ هەرێمی کوردستان تەواو بوون و سەرەتای هەفتەی داهاتوو بڕیارە 400 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند، 200 ملیار دینار لە رێگەی بانکی رەشیدەوە و 200 ملیاری دیکەش لە رێگەی بانکی رافیدەینەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، ڕایگەیاند، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان هەموو رێکارەکانیان لە بەغدا کۆتایی پێهێناوە و گرێبەستی ناردنی پارەکەیان تەواو کردووە، "هیچ نەماوە و تەنیا ماوە پارەکە بنێردرێت".
فارس عیسا باس لەوە دەکات، سەرەتای هەفتەی داهاتوو بڕیارە پارەکە بگاتە هەرێمی کوردستان. لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغداش گوتی، لە دۆخێکی سەقامگیردایە و چەندین رێککەوتن لەنێوان هەردوولا کراوە.
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا پێیوایە رەنگە هەفتەی داهاتوو دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە تەواو ببێت و تێبینییەکان بۆ هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بنێردرێت، ئەگەر هیچ کێشەیەک دروست نەبێت، دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان بۆ رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا.
دوای گەیشتنی ٤٠٠ ملیارەکە دەست دەکرێت بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
وەڵام بدەوه