Kurdistan Press - ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن

رونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی:

-گۆڕینی ئاراستەی ھاتوچۆی بارھەڵگرەکان پەیوەندیدار نیە بەوەزارەتی ئاوەدانکردنەوە

-چارەسەری سەرەکی بۆ کێشەی هاتوچۆ لە نێوان هەولێر و سلێمانی تەواوکردنی رێگای کۆیە هەولێرە بە هەر پێنج قۆناغەکەیەوە

-لەپلانی ئەمساڵیشدا بۆ جارێکی تر داوای بودجەمان کردوە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە

دەقی رونکردنەوەکە:

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وەک وەزارەتێکی خزمەتگوزار، ئەرکی سەرشانیەتی ئەوەی لەتوانایدا بێت بۆ خزمەتکردنی ھاوڵاتیان درێغی ناکات، بە تایبەتیش ئەو ناوچانەی پێویستیان بە چاککردن و دروستکردنی رێگا ھەیە، لەمڕوەوە لە تەمەنی کابینەی نۆیەمدا سەرباری قەیرانەکان و ئەوەی لە تواناو دەسەڵاتی وەزارەتدا بوە، ژمارەیەکی بەرچاو پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ناوچە جیاوازەکان ئەنجامداوە، ھەربۆیە ھەمیشە خزمەتکردنمان بە ئەرک زانیوە بەرامبەر ھاونیشتیمانیان لەسەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان.

ئەوەی لە ئێستاشدا بەشێک لە ھاوڵاتیان ژمارەیەک لە رێگاکانیان گرتوە، بۆ گۆڕینی ئاراستەی ھاتوچۆی بارھەڵگرەکانە، کە ئەوەش پەیوەندیدار نیە بەوەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنەوە، بەڵکو پێویستە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتوچۆی پارێزگاکان و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان ئەو بڕیارە بدەن.

لەئێستادا رێگای بەستنەوەی نێوان هەولێر و سلێمانی، جگە لە رێگای کەرکوک پێکھاتوە لەم رێگایانە:

ا- رێگای هەولێر-کۆیە-دوکان

ب-رێگای هەولێر-سماقوڵی-دوکان

ج-رێگای هیران-شەقڵاوە

د- رێگای دۆڵی بالیسان

ھەر چوار رێگاکە لاوەکین و رێگای بەستنەوەی نێوان هەولێر بۆ سلێمانین و بە پێچەوانەشەوە، کە ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل و بارھەڵگر گوزەری پێدا دەکەن، کە بە نزیکەیی بریتیە لە ١٥٠٠٠ ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر و تێیدا ٣٠٠٠ تانکەر و بارهەڵگرن و زۆربەی بارهەڵگرەکان رۆژانە بە رێگای سماقوڵی گوزەر دەکەن.

ئێمە وەک وەزارەت هەوڵی تەواومان داوە و دەیدەین بۆ باشکردنی باری رێگاوبانەکان و نۆژەنکردنەوەیان، بۆ نمونە هەر لەسەرەتای کابینەی نۆیەم لە ساڵی ٢٠١٩ بە بڕی نزیکەی ٤٢ ملیار دینار، زۆربەی رێگاکانی هەرێمی کوردستان چاککرانەوە و لە دۆخێکی زۆر خراپەوە گۆڕان بۆ رێگایەک کە لە خزمەت هاوڵاتیانی کوردستان بێت و بتوانن بەکاریبهێنن، دواترش بەردەوام بەپێی ئەو توانایەی لە بەردەستدا بوە چاککردنەوە لە ڕێگاکان بەردەوام بوە، بەڵام داخستنی ڕێگاکان لە لایەن هاوڵاتیان پەیوەندیدارە بە  رێگریکردن بە تێپەڕبونی بارهەڵگر بە ناوچەکانیاندا، دیاریکردنی ئاراستەی هاتوچۆ و بە تایبەتیش بارهەڵگرەکان ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆ و سەرۆکی یەکە ئیداریەکانە لە پارێزگاکان نەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن.

 

ھاوکات جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەوەی بە بڕوای ئێمە چارەسەری سەرەکی بۆ کێشەی هاتوچۆ لە نێوان هەولێر و سلێمانی تەواوکردنی رێگای هەولێر کۆیەیە (بە هەر پێنج قۆناغەکەیەوە) کە لە ساڵانی ڕابردو وەک وەزارەت هەوڵی زۆرمان داوە و چەندین جار داوامانکردوە کە بودجەی بۆ تەرخانبکرێت بەڵام بەداخەوە بە هۆی قەیرانی دارایی نەتوانراوە ئەم پرۆژە گرنگە دەستپێبکاتەوە، بەڵام خۆشبەختانە لە پلانی بودجەی ٢٠٢٣ وەک وەزارەت داوای بودجەی پێویستمانکردوە بۆ دەستپێکردنەوە و تەواوکردنی.

 

لە کۆتاییدا رایدەگەیەنین؛ تیمەکانی چاککردنەوەو پاراستنی رێگاوبانەکانی سەر بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، وەک چۆن لە رابردو ھەمیشە لەخزمەتی ھاونیشتیمانیان و نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکان بوە، لەئێستاشدا تیمەکان دەخەینە خزمەتی هاوڵاتیان بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ئەو رێگا لاوەکیانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە بە پێی ئەو توانایەی لە بەردەستمان دەبێت.

 

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن 

٢٠٢٣/٤/٣٠

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه