Kurdistan Press - راگەیێندراوی ئەوقاف و یەکێتیی زانایان راگەیێندراوی ئەوقاف و یەکێتیی زانایان | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

راگەیێندراوی ئەوقاف و یەکێتیی زانایان

وەزارەتی ئەوقاف لەبارەی "هێرشکردنە سەر مزگەوتێک" لە شنگال دەڵێت، "هێرشەکە کەسییەوە و پەیوەندیی بە هیچ ئایینێکەوە نییە." هاوکات یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان "بە تووندی سەرکۆنەی" ئەو کارەی کردووە و بە "سووکایەتی و کاری تێکدەرانە" ناوی بردووە.

لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیدا هاتووە، "بە تووندی سەرکۆنەی بێڕێزی و دەستدرێژیکردنەوە سەر مزگەوت و ھەر ناوەندێکی دیکەی ئایینی" دەکات و دەشڵێت، "پێشمان وایە ئەم کارە ناڕەوایە دوورە لە ئاداب و نەریتی خوڕەوشتی رەسەنی ئایینی و کوردەواری و ھەوڵێکی پلان داڕێژراوە بۆ تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئایینی لە ناوچەکەدا، بۆیە ھەموو ئەو لایەنانەی لێناگەڕێن دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە و بەرپرسی یەکەمی رووداوەکەن و کە بەردەوام رۆڵیان لە ئاژەوەگێڕیی دەڤەرەکەدا ھەیە."

وەزارەتی ئەوقاف ئەو جۆرە کردەوانە بە "پلانی کەسی" ناودەبات و ئاماژەی بەوە کردووە، "پەیوەندیی بە ھیچ ئایینێکەوە نییە، بۆیە داوا لە لایەنی پەیوەندیداری حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەین، بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی شنگالدا بکەن و بکەرانی رووداوەکە دەستنیشان بکەن و رووبەڕووی سزای یاسایی خۆیان بکەنەوە."

یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، لەلایەن چەند کەسێکی "دانیشتووی شنگال هێرش کرایە سەر مزگەوتی (الرحمن) و کاردانەوەی خراپی بەدوای خۆیدا هێنا." دەشڵێت، "مزگەوت شوێنی خواپەرستیی موسڵمانانە و هیچ کەس و دەستێک بۆی نییە لەژێر هەر پاساو و ناوێک بێت سوکایەتیی پێ بکات."

یەکێتیی زانایان داوا لە ئیدارەی خۆجێیی شنگال و لایەنە پەیوەندارەکان دەکات، بە زوویی رێکاری یاسایی بگرنەبەر و "کەسانی گێرەشێوێن و بەتایبەت ئەوانەی ئەم جۆرە کارەیان کردووە سزا بدات و، رێگە نەدات ئاشوب و کردەی تێکدەرانە لەنێوان پێکهاتەکان دروستببێت و دواجار سەقامگیریی ناوچەکە بکەوێتە مەترسی."

رۆژی پێنجشەممە 27-04-2023 لە شنگال خۆپێشاندانێک لە دژی گەڕانەوەی عەرەبی هاوردە کە کوردانی ئێزدی دەڵێن، "هاوکاری داعشن" ئاڵۆزی لێکەوتەوە. بەشێکی لایەنە ئیسلامییەکان دەڵێن، لەو چوارچێوەیەدا هێرشکراوەتەسەر مزگەوتێک، بەڵام میری ئێزدیان ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "لە کاتی هێرشەکانی داعش دەرگەی مزگەوتەکان بۆ ئەوان کراوەبوون و لە ئەخلاقی ئەواندا نییە هێرشی بکەنە سەر مزگەوت."

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه