کارۆخ عەبدوڵا، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژان راگەیاند: "لە پەروەردەی كۆیەوە دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی نۆی مامۆستایانی وانەبێژ كراوە و لەم هەفتەیەدا لە پەروەردەكانی دیكەی سنووری هەولێر و دهۆکیش دابەش دەکرێت، لە هەفتەی داهاتووشدا سەرجەم پەروەردەکان شایستەی مانگی نۆ وەردەگرن."
لەبارەی سنووری سلێمانیشەوە، كارۆخ عەبدوڵا، گوتی: "قسەمان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی لقی سلێمانی بانكی ناوەندی كردووە، گوتی هەوڵ دەدەین لەم پێنج شەممەوە دەست پێ بكەین، ئەگەر نەكرا، ئەوا لە یەكشەممەی داهاتوو لە سنووری سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین دابەش دەكرێت."
زیاتر لە 25 هەزار مامۆستای وانەبێژ لە ناوەندەکانی خوێندن وانە دەڵێنەوە و مووچەی مانگانەیان هەیە.
نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ، ئاشکراشی کرد: "وەزارەتی پەروەردە نووسراوی کردووە، کە شایستەی وانەبێژان لەگەڵ میلاک ڕێک بخات و كێشەی دواكەوتنی پارە چارەسەر بكرێ."
بەپێی رێنوێنیی ژمارە 14ی دارایی، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمن 350 هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت و بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش 400 هەزار دینار خەرج دەکرێت.
وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی 3ی7ی2021 لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گهیاند: "بە ڕەزامەندیی جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکوو ئێستا 43 ملیار دینار بۆ مامۆستایانی وانەبێژ خەرج کراوە، مانگانە ئەوەی خەرج کراوە زیاتر لە شەش ملیار و 500 ملیۆن دینار بووە."
وەڵام بدەوه