ئەمڕۆ نۆ ساڵ بەسەر یەکێک لە وەرچەرخانە مێژووییەکانی خاکی کوردستاندا تێدەپەڕێت؛ ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2017، کاتێک هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە بەرەی پردێ (ئڵتوون کۆپری) داستانێکی پڕ لە سەروەریان تۆمار کرد و توانیان بەر بە پەلامارە فراوانەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران بگرن کە بە نیازی داگیرکردنی هەولێری پایتەخت بوون.
پاش خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و ئەو بارودۆخە نائاساییەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپێنرابوو، میلیشیاکان و هێرشبەران بە هاوکاری و ڕێنوێنیی دەرەکی هەوڵیان دا ئیرادەی گەلی کورد بشکێنن و لە قۆڵی قوشتەپەوە بەرەو هەولێر پیشڕەوی بکەن. بەڵام هێزە پۆڵایینەکەی پێشمەرگە بە توندی ڕووبەڕوویان بوونەوە و لەو شەڕە یەکلاکەرەوەیەدا، سەرەڕای بوونی چەکی قورس و تانکی ئەبرامز لە دەستی هێرشبەراندا، پێشمەرگە قارەمانە توانی تانكێكی پێشکەوتووی جۆری ئەبرامز ئێم وەن و دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازیی تێکشکێنێت و دەیان کەس لەو میلیشیایانە بکوژێت.
لەو یادەدا، هەڵوێست و پەیامەکانی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و ئەنجوومەنی ئاسایش جەختیان لەوە کردەوە کە سەرەڕای ئەو ستەم و ئابڵۆقە و ئاوارەبوونەی بەسەر زیاتر لە 150 هەزار هاووڵاتی سەپێنرا، پێشمەرگە هەمیشە قەڵای بەرگریی گەلەکمان بووە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بانگهێشت کردا کە بێدەنگ نەبێت لە ئاست ئەو پێشێلکاری و مەترسییانەی لە دژی خەڵکی سڤیل و مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان ئەنجام دراون.
هێزەکانی پێشمەرگە هەمیشە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بە ورەیەکی بەرزەوە بەردەوام دەبن لە پاراستنی خەڵک و خاک و بەرژەوەندییەکانی کوردستان لە بەرانبەر هەر هەڕەشە و دەستدرێژییەکدا.
#kurdistanpress


وەڵام بدەوه