هەولێر - کوردستان پرێس:
ئەمڕۆ دووشەممە، 20ی تشرینی یەکەمی 2026، دوو ساڵ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕدەبێت. بەو بۆنەیەوە، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەسەر پێویستیی دەستبەجێ کاراکردنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی کردەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە سەرەڕای بەشداریکردنی بەرفراوان و بەرپرسیارانەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردندا بۆ دەربڕینی ئیرادەیان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا پەرلەمان کارا نییە و نەیتوانیوە ئەرکە یاساییە چاوەڕوانکراوەکانی لە سیستەمی حوکمڕانیدا جێبەجێ بکات.
فراکسیۆنی پارتی هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی لە رێزگرتن لە بنەماکانی دیموکراسی دووپاتکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە هەمیشە ئامادە بوون بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و گرێدانی کۆبوونەوەکانی، هەروەها پشتگیریی سەرجەم دەستپێشخەرییەکان بوون لەو پێناوەدا.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، فراکسیۆنی پارتی بانگهێشتی سەرجەم فراکسیۆنە پەرلەمانییەکانی کردووە کە پێکەوە هەنگاو بن بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی دانیشتنی یەکەم و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، بە بێ ئەوەی کاراکردنەوەی پەرلەمان بە هیچ ململانێیەکی سیاسی و حزبییەوە ببەسترێتەوە، چونکە ئەمە پەیوەندی بە شەرعییەتی دەنگی خەڵک و مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.


وەڵام بدەوه