مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 25ی ئایار/ مایۆی 2021 پێشوازی لە شاندێکی فەرەنسی کرد، کە پێکهاتبوو لە "فرانسواز دوما" سەرۆکی کۆمسیۆنی بەرگری نیشتمانی و سەربازی لە پەرلەمانی فەرەنسا، "فیلیپ مایەر" و "گوێندال رۆیلارد" ئهندامانى پهرلهمانی فەرەنسا، "برۆنۆ ئۆبێرت" باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و "ئۆلیڤیێ دیکۆتینى"، کونسولی گشتيی فەرەنسا لە هەولێر.
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا تاووتوێ کرا.
شاندی فەرەنسی جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی دۆستایەتی و پەیوەندی مێژوویی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کردەوە و ستایشی هەوڵە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتیان کرد و ئاماژەیان بەوەدا، کە خواستێکی بەهێزی چاکسازی لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەبینین، بۆیە بە هەموو شێوەیەک ئامادەین بۆ پشتگیریی و درێژەدان بە پشتیوانی حکومەتی هەرێم.

سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانی بەردەوامیی حکومەت و گەلی فەرەنسای کرد، کە هەمیشە لە قۆناغە جیاواز و سەختەکاندا پشتیوانیان لە گەلی کوردستان کردووە، بە تایبەتی لە یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش. ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکان لە گەڵ فەرەنسا لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەت فیدراڵی، گرنگیی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و دۆخی کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و گرنگیی دابینکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆیان، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.
وەڵام بدەوه