هێزێكی چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بە دەمامكەوە برای سەركردەیەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستبەسەر دەكەن و دوای هەوڵێكی زۆری یەكێتی، ئازادی دەكەن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی نێو یەكێتییەوە دەست كەوتووە، لە چەند ڕۆژی رابردوودا برایەكی قادر وەتمان، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە ڕانیە، بە كاری تایبەت بە خۆی لە دەڤەرەكەدا هاتوچۆی كردووە و بە ناوچەیەكدا تێپەڕیوە كە هێزەكانی پەكەكە تێیدا باڵادەستن، مەفرەزەیەكی تایبەتی پەكەكە لەم كاتەدا بازگەیان داناوە و بە دەمامكەوە براكەی قادر وەتمانیان راگرتووە و پشكنینێكی وردیان بۆ كردووە.
سەرچاوەكە ئاشكرای كرد كە پاش ئەوەی وێنەی (قادر وەتمان)ی برایان لەنێو مۆبایلەكەیدا دۆزیوەتەوە، هێزەكەی پەكەكە براكەی ئەو بەرپرسەی یەكێتییان دەستبەسەر كردووە و پاش پەیوەندیكردنیان بە سەرووی خۆیان، لیكۆڵینەوەیەكی وردیان لەگەڵدا كردووە.
سەرچاوەكە ئاشكرای كرد كە پاش ئەوەی قادر وەتمان زانیویەتی براكەی لە لایەن پەكەكەوە گیراوە، لەنێو یەكێتییەوە فشارێكی زۆریان كردووە تاوەكوو پەكەكە رازی بێت و ئازادی بكەن.
هەمان سەرچاوە راگەیاند: ”جگە لە خەڵك، زۆربەی كادیرانی یەكێتییش دەترسن سەردانی ئەو ناوچانە بکەن کە پەکەکەی لێیە و ئاگادار کراونەتەوە کە بازگەی پەکەکە پشکینن بۆ مۆبایل و هەموو كەلوپەلەكانی خەڵكی دەكات و بە دوای بچووكترین بیانوودا دەگەڕێت بۆ دەستگیركردن و ڕفاندنی خەڵك.“
وەڵام بدەوه