بەرەو كۆنفیدراڵی، یەك دەوڵەت و دوو سیستەم
هەر لەسەرەتاوە پەكخستنی مادەكانی دەستور، بەتایبەتی ئەو مادانەی پەیوەندییان بەمافەكانی گەلی كوردستانەوە هەیە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوون كە سیستەمی فیدراڵی لەئێراقدا، مەحكومە بەشكست و، هیچ دەرچەیەك بۆ سەركەوتنی نیە.
ئەگەرچی خەڵكی ئێراق خۆیان دەنگیان بۆ ئەو دەستورەداوە، بەڵام ئەو دەنگدانە لەنەشوەی ڕووخانی ڕژێمی سەدامدابوو، لەژێر گوشاری تەلقینی سیاسی حیزبەكاندا بوو. ئەو دەم حیزبەكانیش لە شەكراوخواردنەوەی كەوتنی سەدامدابوون و، مەستی بادەی سەركەوتنەكانیان بوون. بێ ئاگا لەو ڕێگرییانەی كە بەحوكمی كەلتور و بەحوكمی لۆژیكی سەردەستەیی و ژێردەستەیی لەنێوان كورد و عەرەبی ئێراق دروست دەبێت.
هەمان ڕۆژی دەنگدان لەسەر دەستور، لەساڵی 2005دا، بەندە لەڕۆژنامەی "كوردستان نوێ" بابەتێكی شیكاریم نوسی بەناوی" لەعێراقی نوێدا، ئەوەی بەدەستور ناكرێت" لەوێدا باسم لەهەموو ئەو ڕێگریانە كردبوو كە دێنە بەردەم ئەو دەستورە تازەیە. لەو ڕۆژەدا كە هێشتا دەنگدان لەسەر دەستور كۆتایی نەهاتبوو، ڕێك و ڕەوان گوتومە: ئەم دەستورە چارەسەری هیچكام لە كێشەكانی ئێراق ناكات و، مافەكانی كورد دابین ناكات و، بەهیچ شێوەیەك جێبەجێناكرێت و، هەڵەیەكی گەورەیە سەركردایەتی كورد گرەو لەسەر دەستور و یاسا بكات بۆ سەندنەوەی مافەكانی كورد. چونكە ئەو مافانە بەپێی یاسا زەوت نەكراون، تاكو بەدەستور و یاسا بگەڕێنەوە، دواجار كەلتوری عەرەبی ئێراقی، هەرگیز ملكەچی یاسا و دەستور نابێت، بەڵكو ملكەچبوون بۆ یاسا بەزەلیلی خۆی دەبینێت و، بەدەویەتیش هەرگیزاو هەرگیز قبوڵی نیە زەلیل بێت!. لێرەوە ئیدی سەیری سەرەنجامی دەستور بكە!.
ئێستا ئێمە گەیشتوینەتە كۆتایی پەردەی فیدراڵی و شكستی ئەم دەستورە بووەتە واقیع و پێویستی بەوە نیە شیكاری بۆ بكرێت و بەڵگەی بۆ بهێنرێتەوە! سیستەمی سیاسی ئێراق، كە بناغەكەی دەستورەكەیەتی، كۆتایی هاتووەو، ناتوانێت لەئاستی قۆناغەكە و داخوازییەكانیدا بێت و، بەهیچ شێوەیەك ئومێدی ئەوەی لێناكرێت كە ببتە بنەمای پێكەوە ژیان و دروستكردنی وڵاتێكی ئارام و كۆمەڵگەیەكی تەبا.
لێرە بەدواوە، هەمووان تاوتوێی قۆناغی داهاتووی ئێراق دەكەن. لەم نێوەندەدا لایەنی كوردی، كۆمەڵگە و حیزب و دەستەبژێر، تادەگاتە سەركردایەتی سیاسی كوردستان، پێویستە لەئیستاوە تاوتوێی قۆناغی داهاتوو بكەن.
پرسیارێك كە پێویستە هەمووان لەخۆمانی بكەین و، بەشێوەیەكی واقیعیش وەڵامی بدەینەوە ئەوەیە: مادەم لەبەر حساباتی وردی زلهێزەكانی جیهان و ئاڵۆزییەكانی نەخشەی سیاسی، سەربەخۆیی كوردستان لەئیستادا ئەستەم بێت، مانەوەی ئێراقیش بەم فۆرمەی ئێستای ئەستەمتر بێت، كەواتە وەك زۆرینەی توێژەرانی جیهانیش هاوڕان، پێویستە كورد كۆدەنگی خۆی لەسەر مەسەلەی كۆنفیدراڵی گەڵاڵە بكات.
یەك وڵات و دوو سیستەم، وەك ئەوەی لەنێوان چین و هۆنگ كۆنگدا هەیە، ڕەنگە باشترین بژاردە بێت و خواستی هەمووان دێنێتە دی. هەم تینوێتی كورد دەشكێنێت بۆ دەوڵەتێكی نەتەوەیی مەدەنی، هەم پارێزگاریش دەكات لە قەوارەی دەوڵەتی ئێراق و دەستكاری وردەكارییەكانی نەخشەی سیاسی ناوچەكە ناكات.
پێویستە لەئیستادا، تاوتوێی ئەم پرسە بەجیدی بكرێ، دۆخەكە لەبەغدا هەرچۆن بگۆڕێت، سەدر و لایەنگرانی بێنە پێشەوە یان نا، كێشەی كورد هەر هەمان كێشەی نەتەوەییە و، چارەسەركردنیشی بەم سیغە فیدراڵییە زۆر ئەستەمە. بۆیە ڕەنگە ئەگەر بتوانین ماركێتینێكی بەهێزی بۆ بكەین، هەمووان بەم پرۆژەیە ڕازی ببن، بەكورد و وڵاتانی دەوروبەر و بەغدا و زلهێزەكانیشەوە.
مەشخەڵ كەوڵۆسی
وەڵام بدەوه