مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوای لە حکومەتی عێراق کرد، بە پێی دەستوور و بە شێوەیەکی شایستە، زیانلێکەوتووان و کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانەکانی رژێمی پێشووی عێراق، قەرەبوو بکاتەوە.
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ، پەیامێکی لە ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا بڵاوکردەوە. سەرۆک وەزیران لە پەیامەکەدا دووپاتی کردەوە، "پێویستە ئەو عەقلییەتەی لە پشت ئەنجامدانی ئەم کارەسات و تاوانانەدا بوو، نەمێنێت و رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو کۆمەڵکوژیانە بکرێت".
دەقی پەیامی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
لە شاڵاوی ئەنفالی بادینان، کە دوا قۆناخی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال بوو، ڕژێمی عێراق، وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان، تاوانێکی هۆڤانەی دیکەی بەرامبەر خەڵکی دەڤەری بادینان ئەنجامدا و لە ئەنجامی ئەو شاڵاوەدا کە چەکی قەدەخەکراوی تێدا بەکارهێنرا، هەزاران کەس شەهید و بێسەروشوێن کران و دەیان هەزار کەسیش ئاوارە و دەربەدەر و، سەدان گوندیش وێران کران.
لە سی و چوارمین ساڵڤەگەڕی ئەم تاوانە دڕندانەیەدا، بە رێز و شکۆوە یادی قوربانیانی ئەنفالی بادینان دەکەینەوە و جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە، کە پێویستە حکومەتی عێراق بە پێی دەستوور، زیانلێکەوتووان و کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانەکانی رژێمی پێشووی عێراق، بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبوو بکاتەوە کە مافێکی رەوای خەڵکی ستەملێکراوی کوردستانە. هەروەها پێویستە ئەو عەقلییەتەی کە لە پشت ئەنجامدانی ئەم کارەسات و تاوانانەدا بوو، نەمێنێت و رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو کۆمەڵکوژیانە بکرێت.
لە ساڵڤەگەڕی ئەنفالی بادیناندا، سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی ئەنفالکراوانی بادینان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان .
وەڵام بدەوه