وەزارەتی تەندروستی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك حەب و دەرمان دەخاتە لیستی ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان، كە پێشتر وەك چارەسەری پزیشكیی ئاسایی بەكاردەهێنران.
د. سەركار سوورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند:
٠ لەبەر بەرژەوەندی گشتیی و پاڵپشت بە كۆنووسی لیژنەی باڵای ماددە هۆشبەرەكان كە خودی وەزیری تەندروستی سەرپەرشتی لیژنەكە دەكات، ژمارەیەك حەب و دەرزی خراونەتە پۆلێنی ماددە هۆشبەرەكان.
٠ مامەڵەپێكردنیان بەشێوەیەكی ئاسایی قەدەغە كراوە و لە دەرمانخانەكانیش ڕێگە بەفرۆشتنیان نادرێت.
٠ لەمەبەدوا تەنیا لەڕێگەی پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییە دیاریكراوەكان یاخود لیژنەی پزیشكی تایبەتمەند، بۆ حاڵەتی زۆر تایبەت بەكاردەهێنرێن
ئەوانەی قەدەغەکراون بریتین لە حەبی جۆری ئیلپازۆلام، ئەلەرمین، دیازپام، ئێكس، دەرزی هۆشبەری ئێكس، حەبی مۆبیك.
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان لە زیادبووندایە، بەشێک لەوان کاتێک ماددەی هۆشبەریان دەستناکەوێت پەنا بۆ ئەو حەب و دەرمانانە دەبەن کە ماددەی سڕکەریان تێدایە.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند ڕەزامەندیی سەرەتایی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران وەرگیراوە لەسەر كردنەوەی سێ سەنتەری شیاندنەوەی جەستەیی و دەروونی بۆ ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر.
وەڵام بدەوه