شاندەکەی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە پێکهاتبوو لە سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان، راگەیێندراوێکی لەسەر زاری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دوای کۆبوونەوەکەی دوێنێیان لەگەڵی، بڵاوکردەوە
شاندەکەی دەم پارتی دەڵێت ''لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 لە ئیمرالی لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانمان ئەنجامدا.''
شاندەکە لەبارەی دۆخی تەندروستیی ئۆجەلانەوە گوتی ''تەندروستیی باشە و ورەی بەرز بوو. ئەو هەڵسەنگاندنانەی لەبارەی چارەسەری هەمیشەیی پرسی کورد کردنی، زۆر گرنگ بوون.''
شاندەکە هەروەها دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا باسی دوایین پێشهاتەکانی تورکیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرا، ئۆجەلان پێشنیازی چارەسەریی ئەرێنیی پێشکێشکرد و دەڵێت، چوارچێوەی گشتیی بیرۆکە و روانگەکانی بەم شێوەیە بوون:
بەهێزکردنەوەی برایەتیی کورد - تورک بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە.
بۆ سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیەی ئێستا هەیە، دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکان بێ گوێدانە مامەڵە تەسک و سەردەمییەکان دەستپێشخەری بکەن، بنیادنەرانە مامەڵە بکەن و پاڵپشتیی ئەرێنی پێشکێشبکەن. بێگومان یەکێك لە گرنگترین زەوینەکانی ئەم پەڵپشتییە بریتییە لە پەرلەمان.
رووداوەکانی غەززە و سووریا نیشانیاندا؛ نابێت بە دەستوەردانی دەرەکی کە هەوڵی ئەوە دەدات چارەسەری ئەو کێشەیە قووڵتر بکاتەوە، دوابخرێت. بۆ هەوڵدان لەپێناو بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەمە، پاڵپشتی و پێشنیازەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش گرنگن.
منیش بە مانایەکی ئەرێنی، مکوڕم لەوەی ئەو پاڵپشتییەی پێویست بێت، پێشکێشی ئەو هەڵوێستەی بەڕێز باخچەلی و بەڕێز ئەردۆغانی بکەم.
شاندەکە ئەم هەڵوێستەمان لەگەڵ دەوڵەت و لایەنە سیاسییەکان بەش دەکات. لە ژێر رۆشنایی ئەمانەدا، ئامادەم ئەو هەنگاوە ئەرێنییەی پێویستە، بینێم و ئەو بانگەوازەشی پێویستە، بیکەم.
هەموو ئەم هەوڵانەمان، وڵات دەبەنە ئەو ئاستەی شایەنییەتی و لە هەمان کاتیشدا لەپێناوی وەچەرخانی دیموکراسیدا دەبێتە رێنیشاندەرێکی زۆر بایەخدار.
سەردەم، سەردەمی برایەتی، دیموکراسی و ئاشتییە لەپێناو تورکیا و ناوچەکە.
لەگەڵ رێزمان بۆ رای گشتی
پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر
29-کانوونی یەکەم-2024
وەڵام بدەوه