ئاژانسی (ئەنادۆڵوو)ی سەر بە حكوومەتی توركیا ئاشكرای كرد، لە ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتدا لە سلێمانی، ئەندامێكی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان (باڵی سیاسیی پەكەكە)یان كوشتووە.
هاوكات ئەوە ئاشكرا كراوە كە ئەو كەسەی كوژراوە، خەدیجە هەزەر (ناسراو بە بێریڤان زیلان)، ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كەجەكەیە و بەپێی ئاژانسە توركییەكە بێت، لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنێكی زەمینی هێزێكیان چووەتە شوێنی ئۆپەراسیۆنەكە و پاش كوشتنی ئەو سەركردەیەی پەكەكەش، گەڕاونەتەوە توركیا.
هاوكات ئەوە ئاشكرا كراوە كە ئەو تیمەی ئۆپەراسیۆنەكەیان كردووە، سەر بە هەواڵگریی توركیا بوون و لە سلێمانیدا ئۆپەراسیۆنەكەیان كردووە.
خەدیجە هەزەر، خوشكی توبا هەزەر، ئەندامی پێشووی فراكسیۆنی (هەدەپە)یە لە پەرلەمانی توركیا و لەسەر پشكی وان ئەندامی پەرلەمان بووە. لە ساڵی 1998دا برایەكیشی لە شەڕەكانی نێوان توركیا و پەكەكە بۆتە قوربانی. خۆیشی لە 1991 چۆتە ڕیزەكانی پەكەكە، بەرپرسیارێتیی لە سنوورەكانی ئەرمەنستان و رۆژهەڵات و ڕۆژئاوای كوردستاندا لە ئەستۆ بووە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە هێشتا پەكەكە هیچ راگەیاندراوێكی لەبارەی كوژرانی خەدیجە هەزەر بڵاو نەكردۆتەوە و پشتڕاستیشی نەكردۆتەوە.
كۆنسەی بەڕێوەبەری، لە دوای سەرۆكایەتیی دەستەكە، بەرزترین دەستەی بەڕێوەبردنی سیاسیی پەكەكەن و دەسەڵاتیان بەسەر هەموو باڵ و گرووپ و دەستە و تاقمەكانی سەر بە پەكەكەوە هەیە.
وەڵام بدەوه