بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوا له هاووڵاتییان دهكات، پەلە بكەن لە وەرگرتنی بەشەخۆراك و ئارد، "چونكە زوو وەرینەگرن تێكدەچێت".
ئهمڕۆ یەكشەممە 24/7/2022، نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ووتی: "داوا لە هاووڵاتییان دەکەین، ئەوانەی تاوەكوو ئێستا نەچوونە بۆ وەرگرتنی بەشە خۆراک و ئارد، بچن وەریبگرن، چونکە ئەگەر وەرینەگرن مەترسی تێکچوونی ئەو مادانە بەهۆی گەرماوە هەیە".
ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر ئەو ماددە خۆراكییانە و ئارد بەهۆی گەرماوە تێك بچێت، لە بریكارەكانەوە دەگوازرێتەوە بۆ كۆگاكانیان، گوتیشی: "بە ناچاری پاش ماوەیەک لە ڕێگای بریکارەکانەوە دەیگێڕینەوە بۆ کۆگاکان".
بەرپرسەكەی وەزارەتی بازرگانی دووپاتی كردەوە، باشتر وایە هاووڵاتییان پەلە بکەن لە چوونیان بۆ لای بریكارەكانی خۆراك، گوتیشی: "ئەو مادانەی کەهاتوون هەموویان پشکنینیان بۆ کراوە و لە ڕووی تەندروستییهوه گونجاون بۆ خواردن و کوالێتییان زۆر باشە، بۆیە با هاووڵاتییان بچن وەریانبگرن".
بە گشتی، سەبەتەی خۆراک پێک هاتووە له: شەکر، زەیت، دۆشاوی تهماتە، فاسۆلیا، لەتکەنۆک، برنج و ئارد.
وەڵام بدەوه