کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای کرد، چەند كاتژمێرێك لەپێش دەنگەران ماوە و كاتژمێر شەشی ئێوارە ئامێرەکان ئۆتۆماتیکی ڕادەوەستن.
ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە راگەیاندراوێكدا بڵاوی كردەوە: "دەنگدەران کاتێكی دیاریكراویان لەپێشدا ماوە بۆ هەڵبژاردنی ئەو كەس و لایەنانەی نوێنەرایەتییان دەكەن."
ئاماژەی بەوەش دا: "کاتژمێر شەشیی ئێوارە دەنگدان کۆتایی دێت و درێژكردنەوەی نییە."
عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی ڕاگەیاندن لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند: "هیچ پرۆسەیەكی درێژكردنەوەی دەنگدان نییە، كاتژمێر شەشی ئێوارە ئامێرەکان ئۆتۆماتیکی ڕادەوەستن، هەروەها پلانێكی لۆجستیكیی ئەمنی داڕێژراوە بۆ گواستنەوەی سندووقەكانی دەنگدان، لە ناوەندەكانەوە بۆ كۆگاكانی فەرمانگەكانی پارێزگاكان."
دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کاتژمێر 7ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی ئۆکتۆبەر دەستی پێکرد، کە 2 ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەر بەسەر چوار بازنهی هەڵبژاردنی سەر بە چوار پارێزگاری هەرێمی کوردستان دابەش کراون: “هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە.”
لە هەولێری پایتەخت، کۆی گشتیی دەنگدەران 933 هەزار و 115 کەسە، کە لە 560 ناوەندی هەڵبژاردن دەنگ دەدەن، بۆ ئەوەی کاندیدی دڵخوازی خۆیان لەنێوان 395 کاندید هەڵبژێرن، کە 118 کاندیدیان ئافرهتن.
لە پارێزگای سلێمانی، یەک ملیۆن و هەشت هەزار و 412 دەنگدەر هەن، کە بەسەر 548 بنکەی دەنگدان دابەش کراون، بۆ هەڵبژاردنی کاندیدەکانیان لەنێو 518 کاندید، کە 163 کاندیدیان لە ڕەگەزی مێ و 355 کەسیان لە ڕەگەزی نێرن.
وەڵام بدەوه