بانكی ناوەندی و لیژنەی دارایی عێراق، وردەكاری و رێكارەكانی پێدانی قەرزی تەندروستی بۆ بەشێكی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەخەنە ڕوو، كە بڕەكەی 15 ملیۆن دینارە.
بانكی ناوەندیی عێراق، لە نووسراوێكدا، كە رۆژی 6ی11ی 2022 بۆ گشت لقی بانكەكانی ناردووە، ئاماژەی بەوە كردووە، قەرزی تووشبوانی شێرپەنجە و نەخۆشییە قورسەكان، كە بڕەكەی 15 ملیۆن دینارە، هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.
ئەوەشی خستووەتە ڕوو، پێدانی قەرزەكە بەپێی راپۆرتی پزیشكی و لایەنی پەیوەندیدار دەبێت.
جەختیشی كردووەتەوە، رێژەی سووی سەر قەرزەكە (.9 2%) دەبێت و لە ماوەی پێنج ساڵ وەردەگیرێتەوە.
لای خۆیەوە، د.نەرمین مەعرووف، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، راگەیاند: "دوای بڕیاری بانکی ناوەندی، بۆ راسپاردنی گشت بانکە موڵەتپێدراوەکان بە پێدانی قەرزی تەندروستی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە، نەخۆشییە قورس و مەترسیدارەكان، ئێمە بەدواداچوونمان كرد، رۆژی 6ی11ی 2022 بانكی ناوەندی ئەو بانکانەی كە لە هەرێمی كوردستان کار دەکەن راسپارد، بە پێدانی ئەو قەرزە بە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان."
ئاماژەی بەوەش دا، بانکی ناوەندی رەزامەندیی دەربڕی و ئەو قەرزە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە و پێویستە ئەو بانکانەی لە هەرێمی كوردستان کاردەکەن، ئەو قەرزە بدەن كە 15 ملیۆن دینارە و بۆ ماوەی پێنج ساڵ وەردەگیرێتەوە، گوتیشی: "ئەوەی گرنگە، توانیمان رەزامەندیی بۆ هەرێمی كوردستان وەربگرین، بۆ ئەوەی وەکوو قەرزەکانی دیكە هەرێمی كوردستان لێی بێ بەش نەبێت."
ئەو پەرلەمانتارە ئاشكراشی كرد، هەر هاووڵاتییەك بیەوێت قەرزەكە وەربگرێت، دەبێت سەردانی بانکێک لەو بانکانە بكات، كە قەرزەكە دەدات و بەپێی رێکاری بانکەکە داوای قەرزەکە بکات، بەڵام مەرجە راپۆرتی پشتڕاستكراوی نەخۆشخانەی هەبێت، كە نەخۆشیەیكەی شێرپەنجە، یان نەخۆشییە قورسەكانە.
سەبارەت بەوەی، بۆچی ئەو قەرزە لەكاتێكدا بۆ نەخۆشە، بەڵام سووی لەسەرە، نەرمین مەعرووف گوتی: "ئێمە رێنماییەكانمان دانەناوە، ئەوە بۆ هەموو خەڵکی عێراقە و مەرجی بانکی ناوەندییە، چونکە ئەو بانکانە بازرگانین نەک رێکخراوی خێرخوازی و بۆ قازانج کار دەکەن و وەکوو هەموو دامەزراوەیەک خەرجییان هەیە و سوودەکەش زۆر نییە، هەرچەندە هەوڵ دەدەم ئەو بڕە پارەی سووە لابەرن، یان کەمی بکەنەوە."
وەڵام بدەوه