
حكوومەتی عێراق نرخی سووتەمەنیی بۆ فەرمانگەکانی دەوڵەت بەرز کردەوە
ئەمڕۆ هەینی 11ی ئەیلوولی2026، سەرچاوەیەک لە فەرمانگەی تەندروستیی زیقار ئاشکرای کرد کە بەهۆی نەبوونی گاز بۆ کارپێکردنی موەلیدەکان، زۆربەی نەخۆشخانەکانی پارێزگاکە لەکار کەوتوون، ئەوەش دوای ئەوەی حكوومەت بڕیاری دا نرخی سووتەمەنی بۆ فەرمانگەکانی دەوڵەت بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بکاتەوە کە وای کردووە ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتنیش بوەستن.
لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە فەرمانگەی تەندروستیی زیقار لە باشووری عێراق ڕای گەیاندووە کە زۆربەی نەخۆشخانەکانی پارێزگاکە لە خزمەت دەرچوون، هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی ئەو سووتەمەنییە دەگەڕێتەوە کە موەلیدەکانی کارەبای پێ کار دەکات، تەنیا نەخۆشخانەی گشتیی شەتڕە نەبێت کە بڕێکی کەمی سووتەمەنییان دابین کردووە.
سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە کە ڕێنوێنیی حكوومەت بۆ وێستگەکانی سووتەمەنی دەرچووە کە بە هیچ شێوەیەک بەنزین بە ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتنی سەر بە تەندروستی نەدەن، تەنیا ئەگەر بە نرخە نوێیەکە پارە بدەن، ئەمەش بووەتە هۆی وەستانی زۆربەی ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن، لە کاتێکدا ئۆتۆمبێلەکانی تر لە ڕیزێکی دوورودرێژدان لە شارۆکەی ناسڕیە بەهۆی کەمیی توندی سووتەمەنییەوە.
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان کە ئاراستەی کۆمپانیای نەوتی بەسرە کراوە، نرخی نوێی سووتەمەنییەکان لە یەکی ئەیلوولەوە بەم شێوەیەیە: یەک لیتر گازوایل هەزار دینارە، بەنزینی نۆرماڵ 750 دینارە، بەنزینی موحەسەن هەزار دینارە، بەنزینی سووپەر 1250 دینارە و نەوتی سپیش بە هەزار دینارە بۆ هەر لیترێک.


وەڵام بدەوه