كارنامەی حكوومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی كە بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٢ لە پەرلەمانی عێراقەوە دەنگی لەسەر بدرێت، چەندین خاڵی گرنگی لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندا تێدایە و سەرلەبەریان ئەو خاڵانە بوون كە هەمیشە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەم لە دانوستان و كۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و هەم لە وتار و لێدوانەكانیدا بۆ رای گشتی بەردەوام پێداگریی لەسەر كردوون.
بە گوێرەی ئەو بەدواداچوونەی لە ناوەڕۆكی كارنامەكەدا كردوویەتی، لە چەندان بڕگەدا داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان جێگەیان كراوەتەوە. هەروەك لە لاپەڕە ١٨ی كارنامەكە و خاڵی تایبەت بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالیدا هاتووە: ”ئامانجی حكوومەت لەم بوارە ئەوەیە ڕوانگە و پرۆژەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكوومەتی فیدرالی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی بەندكانی دەستوور بخاتە ڕوو، بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بە یاسای نەوت و غاز و زەروورەتی دەركردنی یاساكەوە هەیە.“
كارنامەی حكوومەتەكە بەسەر دوو میحوەری سەرەكیدا دابەش كراوە، میحوەری یەكەم تایبەتە بە بواری جێبەجێكردن (تەنفیزی) و لە بڕگەی ١٢یدا هاتووە: ”گەرەنتیكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال (پێشتر لە نێوان هەولێر و بەغدا واژۆ كرابوو) لە چوارچێوەی بەرنامەی حكوومەتی داهاتوو كە بەشداری دەكات لە گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ شنگال.“
لە بڕگەی ١٣شدا ”مافی مومارەسەكردنی سەرجەم حزبە كوردستانییەكان و ناكوردستانییەكان لە چالاكی و كردە سیاسییە دەستوورییەكانیان لە نەینەوا، كەركووك، دیالە و سەڵاحەدین، لەگەڵ چۆڵكردنی بارەگای حزبەكان كە لە لایەن ئەوانی دیكەوە بەكار دەهێندرێن، هەیە.“
هەرچی بڕگەی ١٤یە، بەڵێنی ئەوە دراوە كە ڕێوشوێنی ڕێككەوتنی تایبەت بە پڕكردنەوەی بۆشاییی ئەمنی لە هێڵەكانی بەرگریی نێوان هێزە فیدرالییەكان و هێزەكانی پێشمەرگە تەواو بكرێت.
لە بڕگەی ١٥ی میحوەری جێبەجێكردنی كارنامەی حكوومەتەكەی محەمەد شیاع سودانیشدا هاتووە: ”تەرخانكردن و خەرجكردنی شایستەكانی ئەوانەی بڕیارەگانی لێژنەی باڵای جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ دەیانگرێتەوە و دووبارە پێكهێنانەوەی لێژنەی باڵا لە ماوەی مانگێكی دوای پێكهێنانی حكوومەت.“
بڕگەی ٢٠یش جەخت لە هەماهەنگیی نێوان هەردوو حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێم لەبارەی ئەو دۆسیە و بڕیارانە دەكاتەوە كە پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە.
بڕگەی ٢١ تایبەتە بە سەرجەم ئەو قوتابخانانەی كە خوێندنەكەیان كوردییە و دەكەونە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بەڵێن دراوە ببەسترێنەوە بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خوێندنی كوردی لە وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵی و گواستنەوەی میلاكەكانیان بۆ ئەو بەڕێوەبەرایەتییە.
لە بڕگەی ٢٢ی كارنامەكەشدا ئاماژە بە ”پێكهێنانی فەوجی فریاكەوتنی پۆلیس لە ڕۆڵەكانی كەركووك، ئەوان ئەركی ئیدارەدانی دۆسیەی ئەمنی لە پارێزگاكە لە ئەستۆ بگرن و پێویستییەكانیان بۆ دابین بكرێت“ كراوە.
بڕگەی ٢٣ كارنامەكە یەكێكە لە گرنگترین ئەو خاڵانەی كە پەیوەندی بە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە: ”بە پشتیوانیی ئەو هێزە سیاسییانەی واژۆیان لەسەر ئەم بەڵگەنامەیە كردووە، حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرپشك دەكرێت لە دانوستاندن لەبارەی دۆسیەی نەوت و بودجە تا ئەو كاتەی یاسای نەوت و غاز بەپێی دەستوور لە ماوەی شەش مانگدا دەردەكرێت. لەگەڵ پێكهێنانی لێژنەیەك لە كەسانی پسپۆڕی یاسایی و دارایی و نەوتی لە هەردوو حكوومەتی فیدرالی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان.“
لێژنەكە هەروەك لە بڕگەی ٢٣ بۆیان دیاری كراوە، ئەم ئەركانەی لە ئەستۆیە:
ا- پێداچوونەوەەكی تەواوەتی بە هەموو ئەو بابەتانەی رابردوو بكەن كە پەیوەندیان بە كەرتی نەوت و غاز لە هەرێم و پەیوەندیی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوتی فیدرالی و هەرێمی كوردستانەوە هەیە، دواتریش بە ڕوانگەیەكەوە دەربچن كە هاوتا بێت لەگەڵ دەستوور و لای هەردوولا پەسەند بێت و بتواندرێت لە قۆناغەكانی دواتردا جێبەجێ بكرێت.
ب- رێككەوتن لەسەر میكانیزمێكی واقیعی كە لەگەڵ دەستوور بگونجێت بۆ ڕێكخستنی پەیوەندیی ئاییندە، تێیدا گەرەنتیی مافی هەموو عێراقییەكان بكات لە هەرێم و پارێزگاكانیش، لەنێویدا ئامادەكردنی رەشنووسی یاسای نەوت و غاز بە تەواوی وردەكارییەكانی و خستنەڕووی بۆ بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران و بڕیار لێدانی و دواتر بەیاساییكردنی لە ئەنجوومەنی نوێنەران.
ج- لە كاتی پێكهێنانی حكوومەتدا، لە ماوەی ئەمساڵدا یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٢ جێبەجێ دەكرێت و رێككەوتنیش لەسەر ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٣ دەکرێت.
د- دووركەوتنەوە لە هەر ڕێوشوێنێك كە ببێتە هۆی بارگری، بەڵكوو دان بەخۆداگرتن لەو ڕێوشوێنانەی كە پەیوەندییان بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو كۆمپانیا نەوتییانەوە هەیە كە تێیدا كار دەكەن، بۆ ئەوەی لە زەرەرگەیاندن بە ئابووریی نیشتمانی دوور بكەوینەوە. هەردوو لایەن بە شێوەیەكی شەفاف كار دەكەن تا ئەو كاتەی یاسای نەوت و غاز لە ماوەی شەش مانگدا لە بەرواری پێكهێنانی حكوومەتەوە دەردەكرێت.
میحوەری دووەمی كارنامەی حكوومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی تایبەتە بە دەركردنی یاساكان و تێیدا ئەم بڕگانە پەیوەندییان بە كوردستانەوە هەیە:
بڕگەی ١: دەركردنی یاسای ئەنجوومەنی فیدرالی لە ماوەی شەش مانگدا.
بڕگەی ٢: دەركردنی یاسای دادگای فیدڕاڵی لە ماوەی شەش مانگدا.
بڕگەی ٧: هەمواركردنی یاسای دامەزراوەی شەهیدان ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠١٦ و هەڵوەشاندنەوە مەرجی (نەگرتنەوەی شەهیدان بە ڕێوشوێنەكانی لێپێچینەوە و دادپەروەری)، هەروەها قانونەكە كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەكانیش بگرێتەوە لە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان.
بڕگەی ١١: هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە هەمان ئەو بەروارەدا بكرێت كە لە سەرجەم پارێزگاكانی دیكەدا دەكرێت بەپێی یاسا بەركار، بەڵام نابێت لە ساڵێك دوای پێكهێنانی حكوومەت زیاتر دوابكەوێت.
وەڵام بدەوه