کوردستان پرێس – هەولێر
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەپێی دوایین هەڵسەنگاندنە ئەمنییەکان، دەستی بە پرۆسەی رێکخستنەوە و گەڕاندنەوەی کارمەند و دیپلۆماتکارانی خۆی کردووە لە چەندین نێردەی دیپلۆماسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە عێراق. ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە واشنتن ئامادەکاری دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کارمەندانەی کە پێشتر لە کاتی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە کشێنرابوونەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکی کوردستان24دا، گوتەبێژێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "وەزارەتی دەرەوە بە شێوەیەکی بەردەوام پێداچوونەوە بە دۆخی ئەمنیی نێردە دیپلۆماسییەکانمان لە سەرتاسەری جیهاندا دەکات. لەسەر بنەمای دوایین هەڵسەنگاندنە ئەمنییەکانمان، ئێستا خەریکی رێکخستنەوەی ژمارەی کارمەندانین لە هەندێک لە نێردە دیپلۆماسییەکانمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی دەتوانین بەردەوام بین لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدا سەلامەتی و ئاسایشی کارمەندەکانمان پارێزراو دەبێت."
جەختیشی کردەوە کە تەواوی بڕیارەکانی پەیوەست بە کشانەوە یان گەڕانەوەی کارمەندان لەسەر بنەمای گۆڕانکارییەکانی دۆخی ئەمنی دەدرێن و پاراستنی سەلامەتیی کارمەندان و خێزانەکانیان لەپێشینەی سەرەکیی کارەکانیانە.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی ناوخۆییی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە لەلایەن رۆژنامەی 'نیویۆرک تایمز'ەوە بڵاوکراوەتەوە، پرۆسەی گەڕانەوەی دیپلۆماتکاران و کەمکردنەوەی رێکارە نائاسایییەکان لەم هەفتەیەوە بۆ باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی عێراق، لوبنان، ئیسرائیل، سعوودیە، قەتەر، ئوردن، عومان، کوێت و بەحرێن دەست پێدەکات.
رێژەی گەڕانەوەی کارمەندانی باڵیۆزخانەکان بەم شێوەیەی خوارەوە بە چەند قۆناخێک رێکدەخرێتەوە:
عێراق، کوێت و بەحرێن: لە قۆناخی سەرەتاییدا ئاستی کارمەندان دەگاتە 75%ـی توانای تەواوەتی.
سعوودیە، ئیمارات، قەتەر و لوبنان: ژمارەی کارمەندان بۆ 85% بەرز دەکرێتەوە.
ئیسرائیل، ئوردن و عومان: تەواوی کارمەند و دیپلۆماتکارەکان بە رێژەی 100% دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
شایەنی باسە، کەمکردنەوەی ژمارەی دیپلۆماتکارانی ئەمریکا لە مانگی شوباتی رابردووەوە دەستی پێکردبوو، کاتێک واشنتن بەهۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لەگەڵ ئێران رێگەی بە کارمەندانی ناپێویست و خێزانەکانیان دا ناوچەکە جێبهێڵن.


وەڵام بدەوه