د. شاخەوان عەبدوڵا: لەسەر بۆردومانەکانی ئێران بانگی بەرپرسانی ئەمنیی عێراق بۆ پەرلەمان دەکەین
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات، کە کۆبوونەوەی تایبەت لەسەر بۆردومانەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکرێت و بەرپرسانی ئەمنیی عێراقیش لەسەر ئەو پرسە بانگی پەرلەمان دەکرێن.
لەبارەی داواکاریی ئەندامانی پەرلەمان، بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران، لەسەر بۆردومانەکەی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، د. شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، راگەیاند: "داواکارییەکەم جێگیر کردووە، سەرەتای هەفتەی داهاتوو، لەسەر پرسی تۆببارانەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، كۆبوونەوەیەکی تایبەت لە پەرلەمان بەڕێوە دەچێت".
هاوکات لەسەر بانگهێشتی بەرپرسانی ئەمنیی عێراق بۆ کۆبوونەوەکە و لێپرسینەوە، گوتیشی: "نەک تەنیا وەزارەتی بەرگریی عێراق، بەڵکوو هەموو ئەو کەسانەی بەرپرسن لە دۆسیەی ئەمنیی عێراق، جا وەزارەتی ناوخۆ، یان وەزارەتی دەرەوە، یان ئاسایشی نیشتمانی بێ، بانگی پەرلەمان دەکرێن و لەسەر ئەم بابەتە پرسیاریان لێ دەکرێت".
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەشڵێ: "کە دانیشتنی پەرلەمانمان کرد، ئەوا لێژنەی پەیوەندیدار رادەسپێرین بۆ ئەوەی بەفەرمی کارەکانیان دەست پێ بکەن، چونکە لێژنەکە بۆ لێکۆڵینەوە دادەنرێ و دەبێ پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات".
وەڵام بدەوه