Kurdistan Press - ئەمریکا لە عێراق دەستیپێکرد ئەمریکا لە عێراق دەستیپێکرد | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

ئەمریکا لە عێراق دەستیپێکرد

ئێستە سەرنجی ئەمەریكا بە تەواوەتی لەسەر عێراقە و هەوڵی داڕشتنەوەی سیاسەت و هاوسەنگیی هێز لە عێراق لە رێگەی ستراتیجیەتێكی نوێ دەدات بە كەمكردنەوەی دەسەڵات و هەژموونی ئێران و سەپاندنی سزا بەسەر ژمارەیەك كەسایەتی دیاری سیاسی و ئیداری و لاوازكردنی دەسەڵاتی میلیشیاكانی سەر بە تاران. 

ئەو هەنگاوەی ئەمەریكا لە چوارچێوەی پلانێكی درێژخایەنە بۆ لێكهەڵوەشانەوەی دەوڵەتی قووڵ و گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ پێوەندییەكانی عێراق لە ناوچەكە، ئەوەش لە بەرانبەر بوونی جموجۆڵی ئێرانی دژ بەوە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی و رێكخستنەوەی میلیشیا و ئامرازەكانی لە عێراق، بۆیە ئەگەری هەیە گۆڕەپانی عێراق دەچێتە ناو قۆناغی كێبەركێ و ململانێیەكی سەخت لە نێوان واشنتن و تاران، كە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق یەكلای دەكاتەوە. 

چەند سەركردەیەكی سیاسیی عێراق كە ئاگەداری گفتوگۆكانن لەگەڵ ئەمەریكا ئاماژە دەكەن، ستراتیجیەتی نوێی ئەمەریكا لێدانی دەوڵەتی قووڵە لە عێراق كە ئێران لە ناو پرۆسەی سیاسی لەو وڵاتە پشتی پێ دەبەستێت، ئەویش لە رێگەی سەپاندنی سزاكان بەسەر ژمارەیەك بەرپرسی عێراقی بە پلەی وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتەكان و دوورخستنەوەی كاریگەرییان لە بڕیارەكانی حكوومەتی عێراق.

واشنتن پێی وایە ئەو رێوشوێنانە رێگە بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی ئێران لە عێراق بۆ پێش 2012 خۆش دەكەن، لە رێگەی هێنانەپێشەوەی هێزی نوێی سیاسی كراوە بە رووی رۆژئاوا بتوانن رووبەوڕووی دەسەڵاتی ئێران ببنەوە و رۆڵی میلیشیاكان لاواز بكەن، ئەوەش پشت بە ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دەبەستێت.

بۆیە دامەزراندنی مارك ساڤایا وەك نێردراوی تایبەت لە لایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، كۆتاهێنانە بە رۆڵی میلیشیاكان و وەستانی دەسەڵاتی ئێرانە لە رێگەی داخستنی نووسینگە ئابوورییەكانی سەر بە سوپای پاسداران لە بەغدا و بەهێزكردنی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی و تەناهیی ئەمەریكا لە عێراق، بۆیە ئێستە ئەمەریكا كار لەسەر لێكهەڵوەشانەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەكات لە رێگەی دوورخستنەوەی ئەو هێزانەی بە پاساوی نزیكیان لە ئێران كە وەك تیرۆریست پۆلێن كراون.     

 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه