ئەگەرەكانی سەپاندنی سزای ئەمریكی بەسەر كۆمپانیای (سۆمۆ)دا زیاتر دەبێت
شارەزایەكی وزە: راپۆرتەكان دووبارە سۆمۆ بە فرۆشتنی نەوتی ئێران تۆمەتبار دەكەن
ئاگادارکردنەوەکان لەبارەی ئەگەری سەپاندنی سزای ئەمریکا بەسەر کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی (سۆمۆ) زیاتر بوون، لە کاتێکدا ڕاپۆرتەکان دووبارە ئاماژە بە تێوەگلانی لایەنە عێراقییەکان دەکەن لە گواستنەوەی بارەکانی نەوتی ئێرانی بۆ بازاڕە جیهانییەکان، بە بەکارهێنانی بەڵگەنامەی فەرمی، یان ساختەکراو کە دەدرێنە پاڵ كۆمپانیای (سۆمۆ)ی عێراق و پێدەچێت هەوڵێک بێت بۆ دەورلێدانی ئەو سزایانەی بەسەر تارانیان سەپاندووە.
ئەم هەڕەشەی سزاکان دوای چەند ڕۆژێک لە ڕاگەیاندنی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دێت کە سزای بەسەر تۆڕێکی بازرگانیی عێراقیدا سەپاندووە کە لەلایەن بازرگان سەلیم ئەحمەد سەعیدەوە بەڕێوە دەبرێت، بە تۆمەتی کڕین و گواستنەوەی نەوتی ئێرانی لە ساڵی 2020ـەوە، لە ڕێگەی تێکەڵکردن یان گواستنەوەی وەک نەوتی عێراقی، بەپێی ئەوەی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی سکۆت بیسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریكادا هاتوو
هەوڵە سیاسییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکە
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاماژە بە بوونی جموجۆڵێکی سیاسیی خێرا لە بەغدا دەکەن، بۆ ڕاگرتنی هەر هەنگاوێکی سزای ئەمریکی دژی کۆمپانیای سۆمۆ یان بەرپرسەکانی، لەنێو نیگەرانییەکی بەرزبووەوە لەوەی کە هەر سزایەک ببێتە هۆی شڵەژانێکی دارایی و ئابووری، لەبەر ئەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی سۆمۆوە زیاتر لە ٩٠٪ی داهاتی دەوڵەت پێکدەهێنێت.
وەزیری نەوتی عێراق، حەیان عەبدولغەنی، لە مانگی مارسی ڕابردوودا گوتبووی کە کەشتییە نەوتهەڵگرە ئێرانییەکان (لیستی بارکردنی ساختەکراوی عێراقی)یان بەکار هێناوە و جەختی کردەوە کە سۆمۆ هیچ هەڵەیەکی نەکردووە، بەڵکوو ناوەکەی لە بەڵگەنامەی نادروستدا بەکار هێنراوە.
بەڵام سەرەڕای نکۆڵیکردنی وەزارەتی نەوت لە هەر ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆ لە کردارەکانی قاچاخیی نەوتدا، بەڵام تۆمەتەکان هێشتا لەنێو ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان دووبارە دەبنەوە کە ئاماژە بە هاوکاریی هەندێک لە جومگەکانی دەوڵەت دەکەن، بەتایبەت لە بەڕێوەبەرایەتیی بەندەرەکان، یان لەناو خودی وەزارەتی نەوتدا.
گۆڤەند شێروانی، پسپۆڕ لە کاروباری نەوت، لەمبارەیەوە جەختی کردەوە "دووبارەبوونەوەی ڕاپۆرتەکان دەربارەی بەکارهێنانی بەڵگەنامەی فەرمیی عێراقی یان ساختەکراو بۆ تێپەڕاندنی نەوتی ئێرانی بۆ بازاڕەکانی ئاسیا، حکوومەتی عێراق و بەتایبەت کۆمپانیای سۆمۆ دەخەنە هەڵوێستێكی خراپەوە.“
ڕوونیشی کردەوە کە تۆمەتی ئەوە هەیە بارە نەوتییەکانی ئێران لە ڕێگەی بەڵگەنامەی مانیفێستی سەر بە سۆمۆ، یان لە ڕێگەی تێکەڵکردنی لەگەڵ نەوتی عێراقی بە مەبەستی شاردنەوە تێپەڕێنرابن.
شێروانی لە وتووێژێکدا بۆ (عێراق ئۆبزێرڤەر) راشیگەیاندووە: "عێراق لە مەترسییەکی ڕاستەقینەدا دەبێت، ئەگەر تێوەگلانی سەلمێنرا، چونکە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا یان بانکی فیدراڵ، لەوانەیە هەنگاو بنێن کە کاریگەریی لەسەر هەناردەکانی خودی عێراق هەبێت، یان ببێتە هۆی سەپاندنی سنووردارکردن لەسەر پارەی عێراقی کە پەیوەندیی بە فرۆشتنی نەوتەوە هەیە."
ئەو شارەزایەی وزە ئاماژەی بەوەش کردووە: "زیاتر لە 90٪ی داهاتی دەوڵەت پشت بە نەوت دەبەستێت و هەر ڕێکارێک دژی ئەم کەرتە زەبرێکی قورس دەبێت بۆ ئابووریی عێراق.”
بەڵگەنامەی ساختە و کەشتیگەلی نهێنی
ڕاپۆرتەکان دەڵێن، (بەڵگەنامە عێراقییەکان) کە کەشتییەکان بەکاریان هێناوە، یان بەتەواوی ساختەن، یان لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ لایەنە فەرمییە عێراقییەکان بەدەستیان هێناوە، ئەمەش بارودۆخی یاسایی سۆمۆ ئاڵۆزتر دەکات، بەتایبەت کە بەڕێوەبەرایەتیی ئەمریکی بەتەواوی قەناعەتی پێنەهاتووە کە دامەزراوەکە هیچ بەرپرسیارێتییەک هەڵناگرێت.
کۆمپانیای سۆمۆ باڵی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی عێراقە و بەرپرسیارە لە بەبازاڕکردنی نزیکەی 3.5 بۆ 4 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، لە ڕێگەی بەندەرەکانی بەسڕە و دەروازەکانی دیکەوە بەرەو تورکیا و ئوردن. کۆمپانیاکە بەشداریی لە داڕشتنی سیاسەتی نەوتدا دەکات، گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان دەبەستێت و وەک شادەمارێکی دارایی بۆ دەوڵەتی عێراق دادەنرێت.
چاودێران پێیانوایە، ئەگەر سزا بەسەر سۆمۆدا بسەپێنرێت، یان هەر سنووردارکردنێک لەسەر کردارەکانی، یان گرێبەستەکانی لەگەڵ بانکە نێودەوڵەتییەکان، ئەوا عێراق لەوانەیە ڕووبەڕووی کێشەی گەورە ببێتەوە لە وەرگرتنی داهاتەکانی فرۆشتنی نەوتدا.
وەڵام بدەوه