ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕاگرتنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕاگەیاند، ئەوەش لەكاردانەوەی بڕیاری سەپاندنەوەی سزا نێودەڵەتیەكانە بەسەر ئێراندا كە لە سەرەتایی مانگی داهاتوەوە دەسپێدەكەنەوە.
تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران ئەمشەو بڵاویكردەوە، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بڕیاری داوە بە ڕاگرتنی هاوکارییەکان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی. هەروەها لۆمەی ئەو هەڵسوکەوتانەی وڵاتانی ئەوروپای کرد کە ڕێگرییان لە پرۆسەی هاوکاری لە نێوان ئێران و ئاژانسەکە کردوە.
لایخۆیەوە ئاژانسی "تەسنییم"ی سەر بە "سوپای پاسداران" لەزاری ئیبراهیم ڕەزایی، وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی پەرلەمان بڵاویكردەوە، ڕێککەوتنی قاهیرە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی "کۆتاییهات" دوای دوبارە سەپاندنی سزا ئابورییەکان.
ڕەزایی وتیشی، دوای دوبارە سەپاندنی سزا ئابورییەکان، چیتر هیچ پاساوێک بۆ مانەوەی ئێران لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆمی نەماوە. وەسفی جوڵەی "ترۆیکای ئەوروپی" بۆ دوبارە سەپاندنی سزاکانی بە "نایاسایی و ناشەرعی" کرد.
ڕەزایی جەختی لەوەکردەوە، باشترین وەڵام بۆ ڕەتکردنەوەی پڕۆژە بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایش کە ئامانجی بو دوبارە کاراکردنەوەی سزا ئابورییەکان لەسەر ئێران نەوەستێنێت، فراوانکردنی پیشەسازی ئەتۆمی و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو سنوردارکردنانەیە کە لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیدا هاتون.
وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمان دوپاتیکردەوە کە دوبارە سەپاندنی سزاکان ئێران لە بەردەوامبون لە بەرنامەی ئەتۆمییەکەیدا سارد ناکاتەوە.
وەڵام بدەوه