سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دەبێ لە خشتەی کاری کۆبوونەوەکانی داهاتووی گفتوگۆی نیشتمانیدا چەند بابەتێک باسبکرێن کە مەرجن بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسیی وڵات، وەک بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان، رێکخستنەوەی پەیوەندیی نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رێککەوتنێکی ئاشکرا تاوەکو یاسای نەوت و گاز دەردەکرێت.
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 04-09-2022 لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند: "دەبێت لە خشتەی کاری کۆبوونەوەکانی داهاتووی گفتوگۆی نیشتمانیدا چەند بابەتێک هەبن کە پرۆسەی سیاسی بێ رێککەوتن لەبارەیانەوە بەرەو پێشناچێت".
هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆککۆمار
حەلبووسی دەڵێت: "دەبێت وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان دیاری بکرێت و وادەکە لە کۆتایی ساڵی داهاتوو تێنەپەڕێت. هەروەها دەبێت سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت".
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات: "دەبێت بە رێککەوتن حکومەتێک بەتەواوی دەسەڵاتەوە پێکبهێندرێت. هاوکات، دەبێ ماددەی 76ی دەستوور دووبارە شیبکرێتەوە و ئەو یاریکردنە شەرمەزارییەش بە شیکردنەوەی ماددەکە هەڵبووەشێندرێتەوە کە دوای هەڵبژاردنی ساڵی 2010 بە گوشاری سیاسی کرا".
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە چەند خاڵێکی دیکەدا داوا دەکات: "یاسای بودجەی گشتی پەسند بکرێت و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان یان بمێنێتەوە یان هەمواربکرێت [واتا هەڵنەوەشێندرێتەوە]".
پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا
لە خاڵێکی دیکەدا محەممەد حەلبووسی دەڵێت: "دەبێ یاسای دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بەپێی ماددەی 92ی دەستوور دەربکرێت. هەروەها جێگۆڕکێ بە هەموو هێزە سەربازی و ئەمنییەکان بکرێت و تەنیا وەزارەتی ناوخۆ ئاسایش لە هەموو شارەکاندا بسەپێنێت؛ هێزەکانی دیکەش لە دەرەوەی شارەکان بمێننەوە".
لە کۆتایی تویتەکەیدا سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "دەبێت خێرا هەموو ئاوارە بێتاوانەکان کە لە ماڵەکانی خۆیان دەرکراون، بگەڕێنەوە. هەروەها، پەیوەندیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکبخرێتەوە بە رێککەوتنێکی ئاشکرا بۆ گەل تاوەکو یاسای نەوت و گاز دەردەکرێت".
ئەم گوتانەی محەممەد حەلبووسی دوای رۆژێک لە تویتێکی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر دێن کە رایگەیاندبوو، ئامادە نییە لەگەڵ "گەندەڵکاران" کۆببێتەوە، ئەوەش بە ئاماژەیەکی روون دەخوێندرێتەوە بۆ رەتکردنەوەی کۆبوونەوە لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە؛ بۆیە پێشبینی دەکرێت بنبەستی سیاسیی عێراق بەردەوام بێت.سڵاو
وەڵام بدەوه