لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا و لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا لە كۆشكی سپی، گوشارەكان لە ئێران نزیك دەبنەوە، دوای سووریا سەرنج كەوتووەتە سەر عێراق، گوشار هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا شیعەكان، دوێنێ فەرماندەی فەیلەقی قودس لە بەغدا لەگەڵ میلیشیاكان كۆبووەوە، سەرچاوەیەك ئاماژە دەكات ئێران گڵۆپی سەوزی لەبارەی میلیشیاكانەوە بۆ سوودانی هەڵكردووە.
سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاماژەی كرد، لە سەردانەكەی دوێنێی بۆ عێراق، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس پەیامێكی گەیاندە بەغدا بەوەی ئێران نایەوێ ببێتە بەشێك لە شەڕ و ململانێكان و لاریی لەبارەی هەر بڕیارێك سەبارەت بە میلیشیاكان لە عێراق نییە، داواشی لە میلیشیاكان كردووە دەبێت پابەندی بڕیارەكانی حكوومەتی عێراق بن.
روونی كردەوە، قائانی ماوەی چەند سەعاتێك سەردانی بەغدای كرد و چاوی بە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیران كەوت و باسی پەرەسەندنەكانی ناوچەكەیان كردووە، بە سوودانی راگەیاندووە كە تاران نایەوێ ببێتە بەشێك لە ململانێ و شەڕ و بەغداش بەهەمان شێوە، بۆیە ئێران لاری لەسەر هەر بڕیارێك لەبارەی دواڕۆژی میلیشیاكان لە عێراق نییە.
هەر دوێنێ قائانی چاوی بە فەرماندەی میلیشیا شیعەكانی عێراق كەوت و گفتوگۆیان لەسەر دۆخی تەناهی لە ناوچەكە كرد، بەتایبەتی دۆخی سووریا و كاریگەرییەكانی لەسەر گرووپەكانی بەگریكاری، دووپاتی كردەوە كە پێویستە لەو قۆناغەدا هەموو میلیشیاكان لەپشت و پاڵپشت بۆ حكوومەتی عێراق بوەستن و پابەندی هەر بڕیارێكی بن.
وەڵام بدەوه