لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا جموجۆڵێكی گەرم لە ناوچەكە هەیە، عێراق بەهۆی شوێنەكەیەوە كە كەوتووەتە نێوان ئێران و سووریا، هاوكات گوشارەكانی ئەمەریكا لەسەر عێراق، بەتایبەتی سەبارەت بە میلیشیاكان و دۆخی سووریا، بەغدا چاوی زۆری لەسەرە، سەرۆك وەزیرانی عێراق هەوڵ دەدات عێراق لە كێشە و ئاڵۆزییەكان دوور بخاتەوە، بڕیارە سبەی سەردانی تاران بكات و دوای ئەویش دۆحە.
بەپێی سەرچاوەیەكی حكوومەتی عێراق، بڕیارە سبەی سێشەم محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەردانێكی فەرمیی ئێران بكات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە تاران كۆببێتەوە و پەرەسەندنی ناوچەكە و كاریگەرییەكانی تاوتوێ بكەن.
ئەمە و دوێنێ سەرچاوەیەك لە سەرۆكایەتیی ئێران رای گەیاند كە بەمنزیكانە سوودانی سەردانی تاران دەكات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پەرەسەندنی دۆخی ناوچەكە لە دوای رووداوەكانی سووریا، لەوكاتەی دوایین سەردانی سوودانی بۆ تاران لە 22ی ئایاری رابردوو بوو، كە بەشداریی لە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی كۆچكردووی ئێران كرد.
سەرچاوەیەكی تریش ئاماژەی كرد كە دوای سەردانەكەی سبەی بۆ ئێران، سوودانی سەردانی قەتەڕ دەكات و لە دۆحە چاوی بە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە دەكەوێت، لەوانە شێخ محەمەد بن تەمیم ئال سانی ئەمیری قەتەر، لەوێش باسی دۆخی ناوچەكە و سووریا دەكەن.
وەڵام بدەوه