KurdistanPress...

CLOSE

نھێنی سەردانەکەی سەرۆکی ئێران بۆ عێراق ئاشکرابوو

مەسعوود پزیشكیان، سەرۆكی كۆماری ئێران كە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستانی كرد و شارەكانی هەولێر، سلێمانی، بەغدا، نەجەف، كەربەلا و بەسرەی بەسەر كردەوە و لە هەموو شارەكاندا كۆبوونەوەی چڕی كرد، لەگەڵ گەیشتنەوەی بۆ شاری تاران، ئەنجامی سەردانەكەی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ هەینی، 13ی ئەیلوول، لە شاری تارانەوە گوتی، لەگەڵ سەردانیكردنی ئیمانی عەلی، پەیمانی بەردەوامیمان لەو ڕێبازە نوێ كردەوە، چونكە ئەگەر بتوانین بە كار و ڕێنماییەكانی ئیمام بكەین، دەتوانین دادپەروەری بەرقەرار بكەین و گەندەڵییش لە كۆمەڵگەدا نەمێنێ.

هەروەها گوتی، ئاڵوگۆڕی ئەزموون ەگەڵ وڵاتانی ئیسلامیدا، دەبێتە هۆی گەشەی زیاتر و تایبەتمەندی و داهێنان لەناو كۆمەڵگەی ئیسلامیدا، چونكە بە یەكگرتوویی دەتوانین بازاڕەكانمان گەشە پێ بدەین و هزریشمان باشتر كار بكات.

سەرۆكی ئێران ئەوەشی گوت، لە یانەی سەردانەكەمدا، لەگەڵ بەرپرسە عێراقییەكان لە بەغدا و بەرپرسانی هەرێم لە هەولێر كۆ بووینەوە و بە شێوەیەكی باش پێشوازیمان لێ كرا و ئامادەییان دەربڕی بۆ برەودان بە وەبەرهێنان و ئاسانكاریی جووڵەی سەردانیكەران بۆ مەزارەكان.

پزیشكیان دەڵێت، لەمیانەی ئامانجەكانمان لەو سەردانەدا، بریتییە لە یەكگرتوویی و گەیشتن بە زمان و دیدگای هاوبەش لە نێوان یەكتردا.

لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، لە ئاستی پێوەندییە سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و تەناهییەكاندا، لەگەڵ سەرۆکی کۆماری عێراق، سەرۆکی حكوومەت، سەرۆکی پەرلەمان، دەسەڵاتی دادوەری و لایەن و بزووتنەوە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە وتووێژمان کرد و ئەو خاڵانەمان دەربڕی کە دەمانویست، لایەنی عێراقییش ئەو خاڵە پێویستانەی خستە ڕوو کە مەبەستیان بوو.

سەرۆكی ئێران ڕوونیشی کردەوە، 14 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەسەر هاوکاریی نێوان ئێران و عێراق واژۆ کران، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە کە بۆ گەیشتن بە زمانێکی هاوبەش، تیمێک لە هەردوولا پلانی ستراتیژیی درێژخایەن دەنووسن. 

ئەمڕۆ هەینی، 13ی ئەیلوول، مەسعوود پزیشكیان، سەرۆكی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە میانەی سەردانە چەند ڕۆژییەكەیدا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سەردانی پارێزگای بەسرەی كرد و هەر لەوێشەوە كۆتایی بە گەشتەكەی هێنا و گەڕایەوە بۆ تاران.

لەم گەشتە سێ ڕۆژەی سەرۆكی ئێراندا، سەرەتا چووە بەغدا و لەوێ لەلایەن محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكی حكوومەتی عێراق پێشوازی لێ كرا و دواتر لەگەڵ سەرۆكی عێراق كۆ بوونەوە و پاشان كۆمەڵێ دیداری تری كرد و بۆ ڕۆژی پێنجشەم لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە، گەیشتە هەرێمی كوردستان و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لێ كرا، دواتر چاوی بە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كەوت و پاشان كۆبوونەوەیەكی گشتی لەگەڵ هێز و لایەنەكان ساز كرد.

هەر لە سەردانەكەیدا، چووە سەری بڵند تا چاوی بە سەرۆك بارزانی بكەوێت، پاشان هەر ئەو ڕۆژە بۆ سەردانی گۆڕی مام جەلال چووە سلێمانی.

 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه