وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕای گەیاند، هەموو گەشتەكانی عێراق بەرەو ئیمارات بەهۆی كێشە تەنكیكییە جیهانییەكەوە ڕاوەستاوە.
ئەمڕۆ هەینی، 19ی تەمووز، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتی، گەشتەكانی عێراق بۆ فڕۆكەخانە دوبەی بەهۆی كێشە ئەلیكترۆنییە جیهانییەكەوە كە تووشی ئەو وڵاتەش بووە ڕاگیراون، ئەمەش هەموو هێڵە ئاسمانییەكانی گرتووەتەوە.
ئەوەشی خستە ڕوو، فڕۆكەخانەكانی عێراق تا ئێستە لەو كێشە ئەلیكترۆنییە پارێزراون.
ئەحمەد هوشیار بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رای گەیاند، تا ئێستە كێشە ئەلیكترۆنییەكە نەگەیشتووەتە سنووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هیچ گرفت و كێشەیەكی ئەلیكترۆنی و تەكنیكی لە فڕۆكەخانەی هەولێر دروست نەبووە. گەشتەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاساییە و هیچ گەشتێك هەڵنەوەشێنراوەتەوە.
بەهۆی دروستبوونی كێشەی ئەلیكترۆنییەوە دەیان كۆمپانیای فڕۆكەوانی لە ئەمەریكا، ئەورووپا، بریتانیا، ئوسترالیا، هیندستان گەشتەكانیان ڕاگرت و چەند كەناڵێكی تەلەفیزۆنیش پەخشی ڕاستەوخۆیان وەستێنرا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، كێشەی ئەلیكترۆنییەوە لە كۆمپانیای مایكرۆسۆفت، كۆمپانیاكانی ئەمریكان ئێرلاین، توركیش ئێرلاین و كۆمپانیای دەلتا بۆ فڕۆكەوانی، كۆمپانیای فڕۆكەوانی ئیسپانی، هۆڵندی، توركی و چەندین كۆمپانیای دیكە گەشتە ئاسمانییەكانیان راگرت. هۆكارەكەشیان بۆ هەبوونی دروستبوونی كێشەی پەیوەندی لە كۆمپانیا مایكرۆسۆفت گەڕاندەوە.
وەڵام بدەوه