حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێکی چەند خاڵیان لەبارەی باج کرد.
لە ڕاگەیاندراوێکدا وەزارەتی دارایی بڵاوی کردەووه،دوای سەردانی لیژنەی باڵای ڕێکخستنەوەی باج لە حکوومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبونەوەیان لەگەڵ وەزیری دارایی و دکتۆر کەمال تەیب بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانوبەرەی میری و بەختیار حاجی بەڕێوەبەری گشتی کاروباری پەیوەندییەکان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە بەغداد لەسەر چەند خاڵێک لەبواری باج گەیشتنە ڕێکەوتن.
ئاماژەی بەوەش دراوە، ڕێکۆەوتنەکە دەبێتە کارئاسانی بۆ ئەو کارگەو کۆمپانیاو بانکانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکەن
وەزارەتی دارایی گرنگترین خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەی بڵاو کرووەتەوە کە پێکهاتووە لە:
١- داننان بەپاکانەی باجی هەرێم لەلایەن حکوومەتی فیدراڵیەوە کەپێشتر هیچ بایەخێکیان بۆ دانەدەنا.
٢- چارەسەرکردنی کێشەی کارگەکانی کوردستان ، کە پێشتر داوای باجیان لێ دەکردن بەبیانوی ئەوەی بەرهەمەکانیان لەناوچەکانی باشورو ناوەڕاستی عێراق ساغ دەکەنەوە، بۆ لەمەودوا ئەو کارگانەی لە کوردستانن دەبێت باجی داهاتەکانیشیان لەکوردستان بدەن.
٣- چارەسەرکردنی کێشەی پێدانی سوتەمەنی بۆ کارگەکانی هەرێمی کوردستان بەنرخی هاندراو کەماوەیەکە پێدانی سوتەمەنیان بەو کارگانە ڕاگرتووە بەبیانوی نەدانی باج بەحکومەتی فیدراڵی.
٤- ڕێکەوتن لەسەر یەکخستنی ڕێکارو ڕێوشوێنەکانی وەرگرتنی باج کرا بە میکانیزمی هاوبەش.
٥- هەردولا لەسەر بانکەکان ڕێکەوتن کە بارەگای سەرەکی بانکەکە بکرێتە بنەما بۆ وەرگرتنی باج.
٦- هەرولا ڕێکەوتن لەسەر هەماهەنگی پێویست و گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بۆ ڕێگری کردن لە خۆدزینەوە لەباج.
وەڵام بدەوه