Kurdistan Press - سەرۆکی نوێ هەڵدەبژێردرێت سەرۆکی نوێ هەڵدەبژێردرێت | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

سەرۆکی نوێ هەڵدەبژێردرێت

سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق ‌هەڵدەبژێردرێت؛ پارتی پێیوایە سوننەکان بەربژێرێکی چاوەڕواننەکراویان دەبێت

سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆ دەبێتەوە و دەنگ لەسەر شوێنگرەوەی حەلبووسی دەدەات؛ تاوەکو ئێستا سوننەکان لەسەر دیاریکردنی بەربژێریک یەکلایی نەبوونەتەوە و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش دەڵێت "سوپڕایزێک لە ڕێگەیە".

، رۆژی شەممە 13-01-2024، کاتژمێر 3ـی دوانیوەڕۆ، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجوومەنەکە کۆ دەبێتەوە.

 دوای تێپەڕینی نزیکەی دوو مانگ بەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە، دواجار وادەیەک بۆ دیاریکردنی شوێنگرەوەی محەممەد حەلبووسی بڵاوکرایەوە و بڕیارە لەدوای رۆژی شەممەی داهاتووەوە، کەسێکی نوێ لە شوێنەکەی حەلبووسی دابنیشێت.

وێڕای ئەوەی تاوەکو ئێستا سوننەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرێک یەکلایی نەبوونەتەوە، بەڵام چەند ناوێک ئاشکرابوون کە خۆیان بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کاندید دەکەن، ئەمە گوتەی د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو. گوتیشی "بە دڵنیاییەوە سووننەکان هەژەندیان لەبارەی دیاریکردنی بەربژێرێک بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە".

بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، هەریەک لە سالم عیساوی، مەحموود مەشهەدانی، زیاد جەنابی، شەعلان کەریم و عەبدولکەریم عەبتان بەشێکن لەو ناوانەی بەربژێرن بۆ سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

بەپێی ماددەی 12ـی پەیڕەوی ناوخۆ، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نابێت لە یەک دانیشتن زیاتر بەبێ سەرۆکی ئەنجوومەن بەرێوەببات، بەڵام تەنها بۆ کارێکی تایبەت و پێویست، دانیشتنی نائاسایی دەکرێت.

لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پێکھاتەی سوننە بووە، دوایین کەس کە لە پشکی سووننەکان ئەو پۆستەی وەرگرتووە محەممەد حەلبووسی  بوو کە لە 9-1-2022، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە هەڵبژاردرا. تاوەکو رۆژی 14-11-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەندامێتیی حەلبووسی لەسەر سکاڵای لەیس دلێمی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵوەشاندەوە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه