بانکی ناوەندیی عێراقی فیدراڵ گەیشتنی چەند بارێکی دۆلاری بۆ عێراق لە ئەمریکاوە ڕاگەیاند.
سەرچاوەیەكی بانکی ناوەندیی حكوومەتی عێراق، بە (ئاژانسی هەواڵی عێراق)ی ڕاگەیاند: “ ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی 12ی 2023، چەند بارێکی دۆلار، كە ملیۆنان دۆلارە، لە ڕێگەی بانكی بارگانی عێراقی (TBI) له ئەمریکاوە گەیشتووە عێراق."
ئاماژەی بەوە كراوە، گەیشتنی ئەو بارە دۆلارانە لە چوارچێوەی پلانی پارەداركردنی بانكەكانە بە دۆلار.
سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە: "بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا چەند بارێكی دیكەی دۆلار بگەنە عێراق."
لە 29ی 11ی 2023، چەند بارێكی دۆلار هاوردە كرا و لە لایەن بانكەكانی عێراقەوە لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداوە گەیشتە عێراق.
لە ناوڕاستی مانگی رابردوودا، بانكی ناوەندیی عێراق ئەنجامی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا ڕاگەیاند و 10 بانكی عێراقییش زیاد كراون بۆ پێدانی دۆلار و ڕێژەی حەواڵەی دۆلار زیاد دەكرێت، بەڵام سەرەڕای ئەو ڕێككەوتن و ڕێكارانە نرخی دۆلار بەرزە و بەردەوامە لە هەڵبەز و دابەز.
بە گشتیی دۆلار بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوە و بەهاكەی لە بازاڕ ناجێگیرە، ئەمڕۆش بەهای 100 دۆلار بە 157 هەزار دینارە.
وەڵام بدەوه