بۆ پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان، شاندێكی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ، ئەمڕۆ كۆبوونەوە و شاندێکی وەزارەتی گواستنەوەی حکوومەتی فیدڕاڵیش لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا سەردانی هەرێمی كوردستان دەکات.
ڕەزاق محێبس، وەزیری گواستنەوەی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، بە (ئاژانسی هەواڵی عێراق)ی راگەیاند: "شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتيی وەزیری گواستنەوە و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد، ئەمڕۆ سەردانیان كردين و پێکەوە باسمان لە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان کرد.
ئاماژەی بەوەش دا، كۆبونەوەیەك بەئامادەبوونی سەرۆکی لێژنەی گواستنەوە و پەیوەندیەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران و لێژنە تەکنیکیەکانی هەردوو وەزارەتی هەرێمی كوردستان گواستنەوە وعێراق و بە ئامادەبوونی کۆمپانیای ڕاوێژکاريی ئیتاڵی بەرێوەچوو.
وەزیری گواستنەوەی حكوومەتی عێراقی گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لە ڕێچکەی پڕۆژەکە و ئەو پارێزگایانە کرد، کە پڕۆژەکەیان پێدا تێپەڕ دەبێت."
ڕەزاق محێبس ئاشكراشی كرد: "گەڕێکی دیکەی گفتوگۆ دەربارەی پڕۆژەکە بەڕێوەدەچێت و لەسەر ئەم پرسە شاندێکی وەزارەتی گواستنەوەی حکوومەتی فیدڕاڵی لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا سەردانی هەرێمی كوردستان دەکات."
پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان کە بە (رێگای ئاوریشمی عێراق) ناو دەبرێت، وەکوو تێپەڕگەیەکی رکابەری نۆکەندی سوێس دەبێت و ئامانج لێی خێراکردنی گواستنەوەی کاڵا و شتومەکی بازرگانییە و هەرێمی كوردستانیش دەیەوێت لە پڕۆژەكەدا پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش رۆڵی خۆیان هەبێت
وەڵام بدەوه