عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگهیاند، بڕیارەکانی گرووپی ئۆپێک پڵەس، لەوانەش کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان کە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە دەست پێدەکات، ئامانجیان پاراستنی سەقامگیری بازاڕی نەوتی جیهانە، هەروەها عێراق بەهەمان شێوە هەوڵدەدات داهاتی زۆرتری دەستبکەوێ.
جەختیشی کردەوە، لەسەر پەرۆشی حکوومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دەست پێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهان تورکیا.
گوتهبێژهكهی وهزارهتی نهوتی عێراق به ئاژانسی ههواڵی عێراقی ڕاگهیاندووه، ئەم ڕێکارانە بۆ چارەسەرکردنی دۆخی بازاڕی نەوتە، گرووپەکە هەنگاو دەنێت بەمەبەستی بەدەستهێنانی هاوسەنگی لەنێوان دابینکردن و خواستدا، هەموو لایەنێک لە ئۆپێک پڵەس ئاگاداری گەورەیی ئەو بەرپرسیارێتییەن کە خراوەتە سەر وڵاتانی بەرهەمهێنەر بۆ بەردەوامبوون لە سەرخستنی ڕێککەوتنەکە و گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتانە، کە بۆ ئەو مەبەستە نەوت سەرچاوەی سەرەکی ئەو وڵاتانەیە و عێراق پەیوەسته لەگەڵ وڵاتانی بەڕهەمهێنەر بۆ سهقامگیرکردنی بازاڕی نەوت.
سەبارەت بە ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی ههرێمی كوردستان، گوتهبێژهكهی وهزارهتی نهوت جهختی كردهوه، کە حکوومەت دەخوازێت هەناردەکردن بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەست پێبکاتەوە و هەروەها هەوڵی زۆر دەدات بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشە یاسایی و تەکنیکی و داراییەکانی پەیوەست بەو پرسه.
ڕوونیشی کردەوە، چارەسەری ئەو گرفتانە دەبێت لەگەڵ یاسا و ڕێنماییەکاندا بگونجێت بۆ ئەوەی پرۆسەی دەست پێکردنەوەی نەوت خێراتر بکرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی شایستە داراییەکان لەئەنجامی هەناردەکردنی ئەم نەوتە بۆ هەموو لایەنێک بەپێی بودجەی فیدراڵ بێت.
ئهوهشی خستووهته ڕوو، حکوومەت دەیەوێت ئەم پرۆسەیه بەشێوەیەکی یاسایی دروست ڕێکبخات، بۆ خێراکردنی پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندهری جهیهانی تورکیاوه.
وەڵام بدەوه