ئەمڕۆ (دووشەممە، 27ى تشرینى دووەم) شاندێکى حکومەتى عێراق سەردانى تورکیا دەکات کە پێکھاتووە لە راوێژکارى دارایی سەرۆکوەزیران، سێ بەرپرسى بانکى ناوەندى و بەڕێوەبەرانى 12 بانکى عێراق، گفتوگۆ لەگەڵ ژمارەیەک لە دامەزراوە دارایی و بانکییەکانى تورکیا دەکەن.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە بانکى ناوەندیی عێراق راگەیاند: ئەو شاندەى عێراق کە دەچنە تورکیا، لەبارەى برەودان بە بەکارهێنانى دراوى دیکە جگە لە دۆلار لە مامەڵە بازرگانییەکانى نێوان عێراق و تورکیا، گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانى کەرتى دارایی تورکیا دەکەن، بەتایبەت کە قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانیى نێوان عێراق و تورکیا زۆرە، تاوەکو گوشارى سەر دۆلار و خواست لەسەرى لەو مامەڵەیە کەمبکرێتەوە و پەنا بۆ دراوى دیکە ببرێت. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەى بەوەشدا؛ جگە لە دۆلار، شاندەکە باسی ئاڵوگۆڕى بازرگانی بە لیرەى تورکى، یۆرۆ و دراوى بیانى دیکەش دەکەن.
بەگوێرەى میدیاى فەرمى عێراق، ئەو شاندە بۆ سێ دۆسیەى سەرەکى دەچنە تورکیا کە بریتین لە کردنەوەى هەژمارى حەواڵەکردنى بانکە عێراقییەکان بە دراوى جیاوازى بیانى و ئاسانکارى بەکارهێنانى کارتى ئەلیکترۆنى دراو لەلایەن ئەو گەشتیار و هاووڵاتییە عێراقییانەى لە تورکیا نیشتەجێن، ئەوە جگە لە رێکخستنى ئاڵوگۆڕى بازرگانی نێوانیان لە رێگەى دەروازەى کڕین و فرشتنى دراوى بیانی.
سەرچاوەکەى بانکى ناوەندى عێراق ئاشکرایکرد، شاندەکەى عێراق بۆ تورکیا گفتوگۆ لەبارەی چۆنیێتى ئاسانکردنى مامەڵەى دەروازە دارییەکانى نێوان هەردوو وڵات دەکات و، ئەو هەنگاوە بەشێکە لە پلانى چاکسازیى بانکى ناوەندى لە پرسی مامەڵەى دارایی.
پەنابردنى بانکى ناوەندیی عێراق بۆ مامەڵەى بازرگانى لەگەڵ بانکەکانى تورکیا بە دراوى دیکە جگە لە دۆلار، بۆ ئەوەیە گوشار لەسەر فرۆشتنى دۆلار بۆ حەواڵە و مامەڵەى بازرگانی کەم بکاتەوە، کە کۆت و بەندى بانکى فیدراڵى ئەمەریکاى لەسەرە، ئەوەش فرۆشتنى دۆلارى سنووردار کردووە لەرێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنى بانکەکەوە.
24ـی تشرینى دووەمى 2023، عەلى عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، ئاسانکارییان لە حەواڵەکردنی دەرەکی کردووە و جگە لە دۆلار، حەواڵە بە یۆرۆ و درهەمی ئیماراتیش دەکرێت. گوتیشى: رێکارەکان بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بە درهەمی ئیماراتی، یوانی چینی و رووپیەی هیندی تەواوبوون. لێتێگەیشتنی باش هەیە بۆ ئەوەی بە یۆرۆ یان لیرەی تورکی حەواڵە بۆ بانکەکانی تورکیا دەستپێبکات."
قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا ساڵانە زیاتر لە 15 ملیار دۆلارە کە زۆربەى بە دۆلار دەکرێت
وەڵام بدەوه