باندێکی ساختەکاری کە بەرپرسی باڵای حکوومەتی عێراقی و هەواڵگرییان تێدایە، ئاشکرا دەبێت کە تەنیا لە چەند زەوییەکی وەزارەتی بازرگانی سێ ملیۆن دۆلاریان دەست کەوتووە.
دەستەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند: "باندێکی ساختەکاری دەستگیر کران، کە کاریان ساختەکردنی کۆمەڵێک گرێبەست بووە لە وەزارەتی بازرگانی، کە دەبووایە بۆ ئەو گرێبەستانە ڕەزامەندییەکان بگەڕێندرایتەوە بۆ لای وەزیر بۆ فرۆشتن و بەکرێدانی زەوییەکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی.''
ئاشکرایشی کردووە: "یاریدەدەرێکی دادوەری لە وەزارەتی داد سەرۆکایەتیی باندەکەی دەکرد، هەروەها بەڕێوەبەری ژمێریاری لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کە خۆی وەک بەڕێوەبەری بەشی گرێبەست لە وەزارەتەکە دەرخستووە، هەروەها کارمەندێکی پێشووی دەزگای هەواڵگری لە وەزارەتی بەرگری و کارمەندێکی پێشوو لە وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانبەرێکی وەزارەتی کارەبا لەنێو باندەکەن.''
جەختیش کراوەتەوە: ''ليپێچینەوە لە بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی وەزیری بازرگانی دەکرێت، کە ئێستا پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی هەیە لە وەزارەتی بازرگانی، چونکە یەکێک لەو گرێبەستانەی واژوو کردووە کە ساختە بوون.''
دەستەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ڕایشیگەیاندووە: چەندین بەڵگەنامە و مۆری ساختە دەستی بەسەردا گیرا، لەگەڵ چەندین ڕەزامەندی و بەڵگەی ساختەی هەریەک لە وەزارەتەکانی نەوت و بازرگانی و نووسینگەی سەرۆک وەزیران.
ئەوەش ڕوون کراوەتەوە: ''تۆڕەکە لە ڕێگای دروستکردنی کۆمپانیای وەهمی ڕەزامەندیی بۆ پێنج پارچەزەوی بەدەست هێناوە کە هی وەزارەتی بازرگانی بووە و بەهایان بۆ زیاتر لە سێ ملیۆن دۆلارە، کە بەپێی پسووڵەی گەیاندن لەگەڵ دۆسیەکاندا دەستی بەسەردا گیراوە.''
وەڵام بدەوه