تەندروستی تاک، واتە تەندروستی کۆمەڵگا. کەرتی تەندروستیش ئەو کەرتەیە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە تەندروستی کۆمەڵگاوە هەیە.
پێویستە وەزارەتی تەندروستی چاودێری کەرتی گشتی تەندروستی بکات بە هەموو لقەکانیەوە.
کەرتی تەندروستی بریتیە لە نەخۆشخانە ئەهلی و حکومی و دەرمانخانە و نۆرینگەکان. لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەم کەرتە گەشەیەکی بەرفراوان و خێرای بەخۆوە بینیوەو رۆژبەرۆژیش ژمارەی دەرمانخانە و نۆڕینگەو نەخۆشخانە ئەهلی و تایبەتیەکان روو لەهەڵکشانە.
لەپاڵ ئەم گەشەی خێرای کەرتی تەندروستیدا، ژمارەی دانیشتوانیش گەشەی خێرای بەخۆوە بینیوەو زەروورەتی ئەم کەرتە زیاتر لە هەر جارەک دەرکەوتووە.
یەکێک لە کێشە زەقەکانی ئەم کەرتە بوونی نرخی جیاوازی نورینگەو بلیتی سەردانی کردنی پزیشکەکانە.
یەکسان نەبوونی نرخەکان و هەڵبەزو دابەزینی نرخی دەواودەرمان بلیتی پزیشک و تەنانەت بری پارەی تێچووی چارەسەری و نەشتەرگەری و مانەوە لە نەخۆشخانەکان، جۆرێک لە بێ سەرووبەری و ئاڵۆزی و نیگەرانی و دۆخی نامتمانەیی بۆ هاوڵاتیان دروست کردووە.
هەربۆیەش هاوڵاتیان بۆ چارەسەری نەخۆشیە درێژخایەنەکان هەوڵی سەردانی کردنی بنکەکانی تەندروستی و پزیشکە پسپۆرەکانی دەرەوەی وڵات دەدەن و پارەیەکی خەیاڵی لەم رێگایەوە دەبردرێتە دەرەوە.
بۆی گەرەکە وەزارەتی تەندروستی و پارێزگاکان لە رێگەی دروست کردنی لێژنەیەکی پسپۆری تەندروستی و ئیداری تایبەتەوە، چاودێری کەرتی تەندروستی بکەنە یەکێک لە ئەولەویاتی کاروئەرکەکانیان و هەوڵی جدی بۆ هاوتاکردنی نرخەکان و چاودێری کردنی ئەم کەرتە بدەن و متمانە بۆ ئەم کەرتە بگێڕنەوە.
وەڵام بدەوه