Kurdistan Press - زانیاری نوێ لەبارەی مووچەی مانگی حەوت گەیشت زانیاری نوێ لەبارەی مووچەی مانگی حەوت گەیشت | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

زانیاری نوێ لەبارەی مووچەی مانگی حەوت گەیشت

ئەمڕۆ تەواوی لیستی مووچەی مانگی حەوت لە دارایی هەرێمی کوردستان ئامادە دەکرێت. وەزارەتەکەش جەخت دەکاتەوە، کە: "سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیستی مووچەی مانگی حەوت دەگاتە دەستی ژمێریاریی عێراقی فیدڕاڵ."

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، راگەیاند: "لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران و هێزە ئەمنییەکانی مانگی حەوتی وەزارەت و فەرمانگەکان بە سیدی ئامادەیە و تەواو بووە و ئەمڕۆش بە کاغەز و چاپکراو ئامادە دەبێت."

مانگانە ئەو لیستی مووچەیەی، كە بۆ دارایی فیدراڵ دەنێردرێت، پێکهاتووە لە لیستی مووچە بە سی دی و بە کاغەز.

سەرچاوەکەی دارایی جەختی کردەوە: "لیستی ئەو مانگە خێراتر و وردتر کاری بۆ کراوە، بۆ ئەوەی هیچ تێبینییەک لەلایەن دارایی فیدڕاڵ نەبێت، هیچ بیانوویەک ناهێڵین، کە ببێتە هۆی دواخستنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆران."

سەرچاوەکەی دارایی دڵنیایی دا، کە: "بەئەگەری زۆرەوە ئەمڕۆ بۆ بەغدای دەنێرین و سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیستی مووچەی مانگی حەوت دەگاتە دەستی ژمێریاریی عێراقی فیدڕاڵ."

مانگی پێشوو، لە ڕۆژی 27ی6ی 2024، وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی شەشی بۆ بەغدا نارد و ڕۆژی شەممە 29ی6ی2024 لیستەکە گەیشتە دارایی فیدراڵ و پاشان رۆژی 4ی7ی2024، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 231 ملیاری دیناری تەمویلی مووچەخۆرانی مانگی شەشی بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە كرد و دەست بە دابەشكردنی مووچە كرا.

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان،  وەزارەتەكان ئاگادار كراونەتەوە، كە پێش 10ی هەموو مانگێك لیستی مووچەیان ئامادە بێت و تیایدا هاتووە: "ئاگادارتان دەکەینەوە، بە ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتمان پێش 10ی هەموو مانگێک، دوای وردبینیکردنی لە لایەن گەنجینەکان، هەروەها پێش 10ی هەر مانگێک دەبێت وەزارەت و فەرمانگەکان تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە بۆ وەزارەتی دارایی بنێرن."

پێشتر د. محەمەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی له دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: "مانگانە لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران و هێزە ئەمنییەکان لای ئێمە وردبین دەکرێت و پاشان بۆ بەغدا دەنێردرێ."

لای خۆیەوە د. شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند: "بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوت بکرێت، بەدڵنیایی دوای گەیشتنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە دارایی عێراق، ڕاستەوخۆ وردبینی دەست پێدەکات و پاشان تەمویل دەنێردرێ."

ئاماژەی بەوەش دا، لە مانگی ڕابردوودا دارایی عێراق لە 23ی6 دەستی به دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی دامودەزگاکانی عێراق کرد.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه