رۆژنامەی "مەعاریف" ئیسرائیلی، ئەمڕۆ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویكردووتەوە، سوپای ئیسرائیل و ئەمریکا بانکی ئامانجەکانیان نوێکردووەتەوە، بە گرنگیدانێکی تایبەت بە دامەزراوەكانی وزەی ئێران، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری هەرەسهێنانی لەناکاوی ئاگربەست لەگەڵ تاران.
رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلەوە رایگەیاندووە، سوپای ئیسرائیل و ئەمریکا بە هەماهەنگییەکی نزیک کاردەکەن و لە چەند رۆژی رابردوودا، ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM)، سەردانی ئیسرائیلی کردووە، لەوێ لەگەڵ ئیال زمیر، سەرۆکی ئەرکانی ئیسرائیل کۆبووەتەوە.
ئەو بەرپرسە روونیشیکردووەتەوە، ئەو هەماهەنگییەی ئێستا كار لەسەر ئەگەری داڕمانی لەناکاوی ئاگربەست دەكات لەگەڵ ئێران.
وتوشیەتی، ئێمەو ئەمریکییەکانیش ئامادەين بۆ ئەم ئەگەرە، ئەگەر ناچار بین شەڕ دەست پێ بکەینەوە، دەزانین چی بکەین، هەماهەنگیمان هەیە، ئەو گورزەی دەیوەشێنین لە رادەبەدەر ئازاربەخش دەبێت و زیانێکی زۆر گەورە بە ئێرانییەکان دەگەیەنێت.
ئەو بەرپرسە جەختیشكردوە، بانکی ئامانجەكان نوێ کراونەتەوە، دەزگای هەواڵگری سەربازی چاودێری پێشهاتەکانی ئێران دەکات، ئەو ئامانجانەی ئەو دوو سوپایە ئەمجارە كار لەسەر لێدانی دەكەن، دامەزراوەکانی ووزەی ئێران لەخۆدەگرێت.
وتەكانی ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە لەكتێكدایە، بڕیارە دووشەممەی داهاتوو دانوستانەکانی تاران و واشنتۆن لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان دەستپێبکاتەوە، رۆژی سێشەممەی داهاتووش ئاگربەستە دوو هەفتەییەكەی واشنتۆن و تاران كۆتایی دێت.


وەڵام بدەوه